قورئانخوێنێكی بەناوبانگ لە گەرمیان بە وێنەی ژنانەوە گیرا

بینەر: (213)

ئەمڕۆ سێشەم 27ی تشرینی یەکەمی 2026، پۆلیسی گەرمیان گرتنی دوو تۆمەتباری بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پێوەندیکردن ڕاگەیاند، بەپێی زانیارییە تایبەتەکانی “وشە”ش، یەکێک لە تۆمەتبارەکان قورئانخوێنێکی بەناوبانگی سنوورەکەیە و وێنەی چەندان ئافرەتی لە مۆبایلەکەیدا بووە.

بەشی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان لە کەلار، تۆمەتبارێکی بەپێی مادەی دووی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پێوەندی و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان گرت. بەپێی ئەو زانیارییە تایبەتانەی دەست “وشە” کەوتوون، ئەو کەسەی گیراوە قورئانخوێنێکی بەناوبانگی سنووری ئیدارەی گەرمیانە (ناوەکەی لای وشە پارێزراوە)، لەکاتی گیرانیشیدا دەرکەوتووە کە لە مۆبایلەکەیدا وێنەی چەندان کچ و ژنی هەبووە.

لەلایەکی ترەوە، نووسینگەی نەهێشتنی تاوانە ئەلیکترۆنییەکانی گەرمیان، تۆمەتبارێکی تریان گرتووە کە دانیشتووی شارۆكەی هەریرە و بەپێی مادەی (430) لە یاسای سزادانی عێراقی فەرمانی گرتنی هەبووە.

ئەو تۆمەتبارە لە ڕێگەی دروستکردنی هەژمارێکی ساختەی فەیسبووک بە ناوی (Bexall Jamal)، خۆی وەک ئافرەت ناساندووە و پیاوانی هەڵخەڵەتاندووە. دواتر هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆ و وێنەکانی لێ کردوون و لە بەرانبەر سڕینەوەیاندا، پارەی لە چەندان کەس سەندووە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *