بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی كوردستان رای گەیاند، پێنجشەمی داهاتوو، دوا وادەیە بۆ تەواوكردنی مامەڵەی ئەو هاووڵاتییانەی ناویان بۆ حەجی ساڵی 2027 دەرچووە.
كاروان ستوونی گوتەبێژی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی كوردستان، رای گەیاند، بەڕێوەبەرایەتییەكەیان ئاگەداری سەرجەم ئەو هاووڵاتییانە دەكاتەوە كە ناویان بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەجی ساڵی 2027 دەرچووە و تا ئێستە مامەڵەكانیان تەواو نەكردووە، پێویستە تا رۆژی پێنجشەمی داهاتوو سەردانی نووسینگەكانی حەج و عومرە لە پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان بكەن بە مەبەستی تەواوكردنی رێكارە یاسایی و كارگێڕییەكانیان.
باسی لەوە كردووە كە دوای ئەو وادەیەی دیاریی كراوە، بە هیچ شێوەیەك مۆڵەتەكە درێژ ناكرێتەوە و، هەر كەسێك لەو رێكەوتە دوابكەوێت، ناوی لە پرۆسەكە دەسڕدرێتەوە و راستەوخۆ كەسانی تر لە لیستی یەدەگ دەخرێنە شوێنیان.
داوا دەكات كە سەرجەم ناونووسكراوان ئەم ئاگادارییە بە هەند وەربگرن و لە ماوەی دیاریكراودا سەردانی نووسینگەكان بكەن بۆ تەواوكردنی مامەڵەكانیان، چونكە دوای بەسەرچوونی وادەكە، بە پێی رێنمایییە بەركارەكان مافی حەجكردنیان بۆ ساڵی 2027 لە دەست دەدەن.
















Leave a Reply