كێشەی خێزان مەخەنە سەر شاشە و لایڤەكان

بینەر: (19)

من و زۆر نووسەری دەربەست جاروبار پەرژاوینەتە سەر بابەتی توندوتیژیی و بەرهەمهاتنەوەی لە تۆڕەیلی کۆمەڵایەتیدا. چی وا دەکات هەر جارەو بگەڕێینەوە سەری؟ بە دڵنیاییەوە چەندبارەبوونەوەی دیاردەکە و دەرچوونی لە حاڵەتی پەرتەوازە و ناو بەناوە، هەر جارێکیش بەشێوەیەکی ناخۆشتر و پەردەدڕتر دێتە سەر شانۆکە. کۆمەڵگە پانتاییەکی گشتیی هەیە، ڕەنگ و دەنگ و شێوەژیانی جۆراوجۆر و دژبەیەکی تێدایە، سروشتی کۆمەڵگە خۆی وا دەخوازێت جیاوازیی بیر و ڕوانگە لە ئارادا بێت، بەڵام ئایا ئەمەمان تا ئێستە هەرس کردووە؟ یا بەوە ڕاهاتووین یاخۆ لانیکەم هەوڵمان داوە ڕابێین کە ڕەنگی شین لە ڕوانگەی کەسێکی دیکە جوانە و لە نیگای ئێمەدا جوان نییە و هیچ کێشەیەکیشمان نەبێت؟ ئەم هەوڵانە چەندە وشیارانەن و چەندەیان بوون بە بەشێک لە خوو و هەڵسوکەوتی ڕۆژانەی ئێمە؟

ئەمانە ئەو پرسیارانەن تا زیاتر لەسەری بوەستین، دەبنە هۆی دۆزینەوەی ڕەگوڕیشەی کێشەکان و پێکهێنانی گفتوگۆی زیاتر لەبارەیانەوە. کاتێک دەڵێن کۆمەڵگە پانتاییەکی گشتییە، واتە تاک بە تاکی ئەو کۆمەڵە بە گەورە و بچووکەوە، باڵق و ناباڵق، لە سۆنگەی مافەوە پێگەی مرۆیی خۆیان هەیە. ئەو پرسیارانەی سەرەوە ئاماژەن بۆ بیرکردنەوە لەوەی مافی مرۆڤ یان تاکەکانی ناو کۆمەلگە، لەلایەن کێوە پێشێل دەکرێت؟ بێگومان هەر لەلایەن مرۆڤ و دانیشوانی ناو ئەو کۆمەڵگەوە، ئێمە لە کەسانی نزیکمانەوە یەکەم برینەکانمان بەر دەکەویت، لە باوك و دایکەوە بگرە تا دەگاتە دۆست و هاوڕێ، برینی ئێمە دەڵێی بەشێکە لە ڕەوتی گەشە و باڵاکردن و خۆلادانمان بۆ نالوێ، ئەوەی دەلوێت چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوە و لەگەڵ ڕاهاتنە، هەندێ جار برینەکان سادە دەنوێنن، بەڵام چونکە لە تەمەنێکی زۆر منداڵی بەر مرۆڤ دەکەون، هەندێ جاریش کرداری بریندارکردنەکە ئاڵۆز دیارە، بەڵام مەبەستێکی سادەی لە پشتەوەیە.

ئەم جۆرە هاوکێشانە دەلالەت لە ئاڵۆزیی پرۆسەی باڵاکردنی تاک لەناو کۆمەڵگە دەکەن. لە کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو و وشیاردا، ئەم برینانە لەلایەن دامەزراوە مەدەنی و خێزانییەکانەوە بەشێوەیەکی ژیرانە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و نابێت بە ئامراز و کوتەک بۆ ئەوەی سەرکوتیان بکەن و زەوینە بۆ خۆداتەکاندن لە شەرم و ڕووپامایی لەبار دەکەن. بەڵام لە کۆمەڵگەیەکدا برین و ئازارەکان لەبەر شەرم و شکانەوە بێنە شاردنەوە، دەمامکی سروشتیی ئەو کۆمەڵگەیە قەبەتر و ناتەندروستتر دەبێت.

کۆمەڵناسیی پێمان دەڵێت، کۆمەڵگەی بێ دەمامک بوونی نییە، بەڵام ئەو کۆمەڵگانەی دەمامکەکەیان بگاتە ئاستێکی زۆر قەبە، بێگومان ناسنامەی خۆی لێ تێک دەچێت، ناخ و دەمامکەکانی بە شەڕ دێن و پەرێشانی و سەرلێشێواوی، کارەکتەری تاک دەکات بە کارەکتەرێکی دژەکۆمەڵ.

ئەگەر بە زوویی لە بەرانبەر ئەم هاوکێشەیە بە وشیارییەکی جڤاکی و دامەزراوەیی و مەدەنییەوە نەوەستینەوە، ئێمە ئیتر لە بەردەم کۆمەڵگەیەکداین ڕووی لە تەقینەوە و دژایەتی یەکترییە و وەک دەڵێن هەمووان لە دژی هەمووان! ئەم ڕستە سامناک و خوێناوییە، وەک عورفێکی کۆمەڵایەتیی سیاسیی لەم سەردەمەدا زۆرجار دەبیستینەوە، دوور نییە لە ڕاستی. با سەیری ڕووداوەکانی ناو کۆمەڵگەی خۆمان بکەین، ژن و مێردێک کێشەیان دەبێ، کێشەکە دێننە سەر شاشە و لەوێشەوە کەسانی دیکە پەرەی پێ دەدەن و فەزای زەینیی بەشێکی زۆری خەڵک بۆ ماوەیەک داگیر دەکەن! جا ئێمە دەبێت لە خۆمان بپرسین چ قازانج و سوودێک لەوەدایە بزانین فڵان ژن و مێرد لە سەر چ بابەتێک دەمەقاڵەیان بووە و بۆ هێناویانەتە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان؟ ئایا جگە لە خۆهەڵقورتاندن لە بابەتێک کە پێوەندییەکی بە ئێمەوە نییە و لە باشترین حاڵەتدا فزۆڵی و کونجکۆڵییەکی نزمی لە پشتییەوە بووە، دەتوانی چ پێناسەیەکی دیکەی بۆ بکەین؟

یەکەم ئەوەی کە دوو کەس بە ڕواڵەت عاقڵ و باڵقن، کێشەکانیان ناهێننە ناو ڕای گشتی کە بەهۆی بابەتی تابۆشکێن و دژەنۆرمەوە هەستی فزوڵی و کونجکۆڵیی ئاپۆڕە ڕادەکێشن، پاشانیش ئەگەر ئەم هەڵەیە کرا، دەبێت تاک ئەو وشیارییەی هەبێت وەک پرۆسەیەکی یارمەتیدەر وا وێنای بکات کە ئەوە سڕ و پەردەی خێزان و کەسانی نزیک لە خۆیەتی، یان لانیکەم بەپێی ئیمان یان نۆرمە کۆمەڵایەتییە گشتییەکان، مرۆڤانە چاو لە بابەتەکە بکات و پەرەپێدەری بابەتێک نەبێت کە سوودی نەک بۆ کەس نییە، بەڵکوو زەرەریشی هەیە.

لەم پرۆسەیەدا کە بەداخەوە هەر دووبارە دەبێتەوە، بەهۆی فراوانیی دەستڕاگەیشتن بە تۆڕ و ئەپەکانەوە، منداڵ لە کوڕ و کچ، گەنج و پیر و ژن و پیاو، بەشێوەیەک بابەتەکە بەرگوێ و چاویان دەکەوێت و لەگەڵ مژارێکی ناپێویست و زەرەردەر و بێسوود، دەستەویەخە دەبن، ئەمە خۆی لە خشتەبردنی ڕەوتی گەشەی ئاسایی و سروشتیی تاکیشە.

من کاتێک دەڵێم کۆمەڵگە، زیاتر لایەنی زمانی، ئاینی و کولتووریی و هەڵبەت سیاسیشە و مەبەستم ئەو خاڵە هاوبەش و لێکگرێدراوانەی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانە لە ئاستی کولتووری هاوبەش و گشتییە. ڕاستە دوو دۆخی سیاسیی جیاوازمان هەیە، بەڵام گرینگترین خاڵ کە دەبێت بەهۆی ئەوەی کێشەیەک لە باشوور ڕوو دەدات لە ڕۆژهەڵاتیش ببێت بە مژار و بە پێچەوانەیشەوە، زمان و کولتوور و ئاڕاستەی سیاسیی-مێدیاییە، هەر قەیران یان مژارێکی ڕەسەن یان ناڕەسەن لە ئاستی گەورە یان مامناوەندیشدا بێت، کاریگەریی خۆی لەسەر ڕۆژهەڵات دەبێ.

ئەزموونی کاریگەربوونی كەناڵەكانی ئاسمانی و تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی لەم ساڵانەی دواییدا ئەوەیان سەلماند کە بەشی زۆری ڕۆژهەڵات چاوی لەو پێشکەوتن و دەستکەوتانەی باشووری کوردستانە، هەر بەم هۆیەوە دەکرێت لە ڕووی یاساییەوە حەساسییەتی زیاتر بەرانبەر ئەو جۆرە شەڕە خێزانییانە هەبێت و بەرهەمهێنانی توندوتیژیی زیاتر کۆنترۆڵ بکرێت، لانیکەم ئەگەر یاسا هەیە با یاساناس و مافناسەکان لەسەری بوەستن و توندوتۆڵتر هەنگاو بۆ کۆنترۆڵکردنی باوێن و ئەگەریش کەموکوڕیی لە یاسادا هەیە، با هەڵوێستەی لەسەر بکرێت، چونکە بەرهەمهێنانەوەی توندوتیژی لە مەیدانی كراوەی وەک تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی و لایڤەکاندا، هۆکار و پاڵنەرێکی دووبارە و بازنەیی دەبێت، بۆ بەرهەمهاتنەوەی لە جیهانی واقیعدا.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *