یەکخستنەوەی پێشمەرگە و خەونی مەزن

بینەر: (7)

ڕاگەیاندنی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە و بوونیان بە یەک هێزی نیشتمانی، هەر لە ئێستەوە هەندێک وردەڕەخنە و بڕێک بۆڵەبۆڵی بەدوای خۆیدا هێناوە، ئەگەرچی کۆی پەرچەکردارەکان ئاسایی و سروشتین و هەر ئەوەش لە کۆمەڵگەیەکی زیندوو چاوەڕوان دەکرێت، بەڵام بەو مانایە نییە بەشێک لەم ڕەخنانە ڕاست نین و لە درێژەدا بەسەرپێیی لەسەری دەوەستم.

سەرەتا دەبێت ئەوە بیر بخەمەوە کە پێشمەرگە تەنیا وشەیەکی ئاسایی و ناوێکی باو نییە، لە زەینی زۆرینەی کورددا پێشمەرگە هێزێکی ئەفسانەییە کە لە هەموو چرکەساتە ناخۆش و کارەساتبارەکانی ژیانی نەتەوەی کورددا لە پێشەوەی بەرەکانی جەنگ و بەرخۆدان بووە. ئەم ڕاستییە نەک بۆ باشووری کوردستان، بەڵكوو بۆ هەموو پارچەکان ڕاستە و پێشمەرگە وەک ناوێکی ئەفسانەیی و هێزی فریادڕەس و نەمر، قەڵغانی بەرپەرچدانەوەی هێزی تاریکی داگیرکەر و هەر ئیرادەیەکی نەگریس و شووم بووە کە ویستوویەتی ئەم خاکە قەڵاچۆ و فەرهوود بکات.

سەربوردەی لەدایکبوونی وشەكە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی کۆماری کوردستان لە مەهاباد، کاتێک بەدوای وشەیەکدا دەگەڕێن گوزارشت لە مانا و نەبەردی و ئیرادەی خۆنەویستی هێز و لەشکری کوردیی بکات، ئەم وشەیە لەدایک دەبێت. ئێستە ڕەنگە زۆر گرینگ نەبێت یەکەمجار کێ ئەم وشەیەی پێشنیاز کردووە، گرینگ ئەو تێڕوانینەیە کە لە پشتەوەی ئەم ناوە وەک پێکهاتێکی زمانەوانیی هەیە، ئەم وشەیە پێماند دەڵێت، هێزێک هەیە پێکهاتوو لە کەسانێکی خۆنەویست و گیانباز کە مەرگیان لە پێش خۆیان داناوە و باوەشی بۆ ئازادی و ڕزگاریی کردووەتەوە، ئەگەر بەهاكەی فیداکردنی گیانیشی بێت.

بێگومان بۆ زۆر کەس ڕەنگە ئەمە داڕشتنێكی ڕووت و پیاهەڵدانێکی خەیاڵئامێز بنوێنێت، بەڵام ئەوەی تۆزێک مێژووی کورد لە سەدەی 20دا بزانێت، بە باشی تێدەگات ئەم قسانە لەناو خەیاڵ و خەونەوە نەهاتوون و لەسەر زەوی ڕوویان داوە. گرینگیی ئەم وشەیە هەم وەک مانا و داڕشتن و هەمیش وەک سیمبولێکی جێگرتوو لە هەست و نەستی هەموو کوردانی پارچەکانی تردا، تا ئاستێكە کە دوای نووسینەوەی دستووری عێراق لە 2003 و دروستبوونی مشتومڕ لەسەر هێزە میلیشیاکان، ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی ویستیان ناوەکە بگۆڕن و بیکەن بە جەنگاوەرانی کوێستان، یان هەندێ ناوی وا کە بیانووی هێزە شیعە و سوننەکان ببڕن، بەڵام بە هەوڵ و بەرخۆدانی دیپلۆماسیی لایەنی کوردی، ئەم ناوە وەک پێشمەرگە مایەوە و وەک سەرۆکی هەرێمیش لە مێدیاکاندا باسی کردووە، دواجار ئەمەریکایش وتوویانە هێزی شەڕکەری جەربەزە و …چ هاوتایەکی بۆ دابنێین باشترە لە کوردیدا و دەبێتە چی؟ نێچیروان بارزانی دەڵێت، ئەوکات لە کاک مەسروور سەرۆک وەزیرانی کوردستانمان پرسی، ئێوە ئینگلیزییەکەتان باشە جەنگاوەرانی کوێستان(Faither mountain) دەبێت بە چی لە کوردیدا؟ ئەویش لە وەڵامدا دەڵێ، هەر دەبێت بە پێشمەرگە.

قسەکە ئەوەیە ئەم وشەیە سیمبولێکی قووڵ و ڕەگداکوتاوە لە زەین و دەروونی هەموو تاکێکی کورددا، چ ئەوانەی لە دەرەوەی دەسەڵاتن یا ئەوانەی دەسەڵاتدارن، ڕەنگە بە دیدێکی ڕەخنەئامێزانەوە بتوانین بڵێین وشەی پێشمەرگە وەک یەکێک لەو ڕەمزە کەمە گشتگیرە پیرۆز و لێڵنەکراوانە ماوەتەوە کە ئێمە دەتوانین و دەبێت لە دەوری کۆ ببینەوە و یەکگرتن بەدی بێنین. ئینجا بەشێک لەو ڕەخنانەی لە سەرەوە ئاماژەم دایە، ئەوەیە کە بۆچی ئەوەندە درەنگ ئەم یەکگرتنە هاتە ئاراوە؟ بۆچی دەستەواژە و وشەگەلی پیرۆزی ئاوا لە چوارچێوەی دەستەواژە مەزنەکانی دیکەی وەک نیشتمانی یەکگرتوو و هێزی کوردستان و تاکەئاڵای وڵات و… کۆ ناکرێتەوە و ناکرێت بە هەوێنی قووڵ و قورسی یەکگرتنی کوردان لە هەموو دنیادا؟

گومانی تێدا نییە ئەم تێڕوانینە ڕەخنەئامێزە لە دڵسۆزی و پەرۆشییەوە سەرچاوە دەگرێت و دەبینین لە پاڵ ئەم وردەڕەخنانەدا، دنیایەک هەڵوێست و هیوای دڵخۆشکەر بەرانبەر ئەم ڕووداوە دەربڕاوە، کوردانی چوار پارچە و دەرەوەیش گەشانەوە. ئەم هیواهەڵچنینە وا دەکات ئەو ڕەخنانە بەهەند وەربگرین و ئاڕاستەی پەرۆشیی و دڵسۆزانەیان بکەین بە خشتەی هەوڵ و ئیرادەی خۆمان. نابێت مململانێی حزبی و سیاسیی لەوە زیاتر هیواکانمان کاڵ بکەنەوە و ئەو ئەڵقە یەکخەرانەی وەک پێشمەرگە و ئاڵا و خاک و… لەكەیان بەرکەوێ. ئەوەتا دۆخی ناوچەکە هێشتا لە بەردەم گۆڕانی گەرموگوڕ و لێڵدایە، عێراق حکوومەت لە دوای حکوومەت هەوڵێتی گوێی کوردستان با بدات و ملکەچێ بکات، ئێران لە ڕەشترین ڕۆژەکانی خۆیدا و تازیەبارترین ڕۆژانی مێژووی خۆیدایە، كەچی هەر درۆنی دەنا بە پێشمەرگەوە کە بێگومان بە زەرەری خۆی کەوەتەوە.

ئەوە ڕاستییەکی تاڵە كە پێشمەرگە لەگەڵ مەرگدا دەستەویەخەیە، چونکە ئەوان هێزێکی ئەفسانەیی و خۆنەویستی نەتەوەیەکن کە هاوکێشە ناوچەیی و جیهانییەکان جارێ هەر لە دژین. ڕێک هەر ئەم شەڕی مانەوە و گەیشتن بە ئازادییە، وایکردووە ئەفسانەبوون و خۆنەویستیی ئەم هێزە وەک واقیع بسەلمێنرێت.

هیوادارم ئەم باوەڕ و وێنایە هەردەم بپارێزین و هەموومان لە هەر ئاست و بە هەر پیشە و پێگە و پۆستێکدا، قەرزارباری پێشمەرگە و ناوەکە و عارەق و ئیرادەیانین، پاراستنی ئەم باوەڕە سیمبولییە و جێگیرکردنی لە زەینی نەوەی نوێدا، بە ڕاستبێژی و حەقگۆییمان لەگەڵ گەل و نەتەوەکەماندا دێتە ئاراوە، ئەمەیش تەنیا یەک ڕێگەچارەی هەیە، یەکگرتن و قبووڵکردنی یەکتر.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *