ڕیفراندۆم و پەیامی یەكگرتنی ڕەنگەكان

بینەر: (7)

سبەی نۆیه‌مین ساڵوەگەڕی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانە. بەر لەوەی بە باڵایدا هەڵبڵێین یان ڕەتی بکەینەوە، با تۆزێک ڕابمێنین لە دۆخێک کە ئیرادەی ڕیفراندۆم تێیدا دەرکەوت و کردی بە کردەیەکی سیاسی-کۆمەڵایەتی لە چرکەساتێکی مێژووییدا. ئەو دۆخەی ڕیفراندۆمی تێدا هاتە ئاراوە و بوو بە مژار و دواتر کردار و پاشانیش سڕ کرا، دۆخێکە بەرهەمهاتووی مێژوویەک لە سەرکوت و نەفسشکاندن و تێکبەردانی کوردە، دۆخێک کە پلانی چەندان ساڵەی داگیرکەری هەرێمیی و جیهانیی تێیدا ڕۆڵی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ/ئاشکرا و نهێنیی هەبووە. لە پاڵ ئەمەدا واتە جەمسەرێکی دەرەکیی گشتی (ناوچەیی و جیهانیی)، جەمسەری ناوخۆیی و خۆجێیی، ڕۆڵی گێڕاوە.

زۆر ئەستەمە هیچ لێکۆڵەر و توێژەر، مێژووناس و ڕووناکبیرێک، ئەوە یەکلا بکاتەوە کە داینەمۆی ناکامییەکانی کورد تەنیا لە ئەستۆی خۆیەتی یان دروستتر ئەگەر بڵێم زیاتر لە ئەستۆی خۆیەتی یان هێز و دەسەڵاتگەلێک وایان داڕشت کە کورد بکەوێتە ناو بازنەیەک لە کردە و خووی خۆخۆرانە و یەکنەگرتنەوە. ڕەنگە نزیکترین مێژوو کە هەم لە یادەوەریی گشتیی کورددا زەق و دیار بێت و هەمیش گونجاو بێت گرێی بدەین بەم باسەوە، مێژووی شۆڕشی کورد بێت لە نیوەی سەدەی 20 بەملاوە تا دەگات 2017 کە ڕێفراندۆم کرا. بێگومان دەکرێت لەم مەودا زەمەنییەدا نموونەی تر بخرێتە ڕوو، من بە ڕوانگەیەکی توێژینەوەیی سنووری زەمەنیی نووسینەکەم لە شەستەکانەوە بۆ ئێستەیە و دیارترین و گشتگیرترین نموونەیش باس دەکەم.

بێگومان لە شەستەکان شۆڕشی ئەیلوول بوو بەو ڕەشماڵ و هەوارە گەورە و بەرینەی کوردی هەموو پارچەکان، بە تایبەتی دوو پارچەی ڕۆژهەڵات و باشووری بە قووڵی پێکەوە گرێ دا و بوو بە بنەمای دروستبوونی یادگەیەکی گشتی، ئێستەیش ئێمە لە شار و گوندەکانی دوورەدەستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تەنانەت لە قووڵایی دوو پارێزگا و ناوچەی کرماشان و ئیلام، (کە هەموو حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی ئێران هەوڵیان داوە لە کوردی داببڕێنن بە دوو هۆی ئاینی و زمانی، ئەم دوو پارێزگا و ناوچەیە زۆرینە مەزەوی شیعەن و بە زۆری زاراوەی کەڵهوڕی قسە دەکەن، بۆیە قەڵشتیان دروست کردووە و بەردەوامن، ئەگەرچی بەشێکی زۆری ڕیسەکەیان تا ئێستە بووەتە خوری و پێناچێت پلانەکەیان لەمە زیاتر سەر بگرێت، بەو مەرجەی کورد هەر ئاوا چالاک و وشیار بچێتە پێش و لاوازییەکانی خۆی نەهێڵێت).

ئێستەیش پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوولمان ماوە و بەو تەمەنە زۆر و پیرییەوە دەتوانن هەندێک شت بگێڕنەوە. بەشێک لەوانە کراون بە دۆکیۆمێنتاری و تۆمار کراون کە جێی پێزانینە. ئەمە تەنیا یەکێک لە دەرکەوتەکانی یەکگرتووییە لە کاتی شۆڕشی ئەیلوولدا. ئەم حاڵەتە بۆ ناوچە و باژێڕەکانی دیکەی باشوور و ڕۆژهەڵات و بگرە دوو پارچەکەی تریش ڕاستە.

چی بووە هۆی ئەوەی شۆڕشی ئەیلوول بەرەو ئەو دۆخە بڕوات؟ بێگومان بێ ئیرادەیی نەبوو، گەیشتن بەو قەناعەتە مێژووییە بوو کە ئیتر بە کوشتدانی ڕۆڵەی کورد تەنیا و تەنیا بە پشتبەستن بە هێز و لایەنی دەرەکی، مومکین نییە. بەڵام دوای شۆڕشەکە لە 75 زەوینەیەک کە ئەو شۆڕشە لە ڕووی کۆمەڵایەتی، سایکۆلۆجی، سیاسی و لۆجیستیکی و ئایدۆلۆجییەوە دروستی کردبوو، بوو بە مەترسییەک بۆ سەر داگیرکەران و کوردستاندۆشەکان و چەوسێنەرانی کورد، بۆیە تا ئێستە هەوڵیان ئەوەیە ئەو شۆڕشە وەک شتێکی بەرتەسک و ڕاگوزەر و ڕووداوێکی ئاسایی لە زەینی کورددا جێگیر بکەن، بەداخەوە سەرکەوتوویش بوون لەوەدا کە ئەو خەسڵەتە گشتگیر و کوردستانییە بڕووشێنن کە لە ناخی شۆڕشەکەدا بووە و وەک بابەتێکی خێڵەکی و حزبیی بچووک پڕوپاگەندەی لە دژ بکەن و بەشێک لە کوردیش کەوتووەتە داوی ئەم ڕوانگەیەوە.

ئەم ڕوانگەیە دامرکا، بەڵام نەمرد، بە ناو خوێن و ئاوارەیی و ماندووبوون و دەیان وێستگەدا هات و خۆی لە 2017دا لە خواستی سەربەخۆییدا بینییەوە، بۆیە پێوەندیی ڕیفراندۆم و شۆڕشی ئەیلوول لێرەوە بەرقەرار دەبێت کە لە هەردووکیاندا ئیرادەیەکی یەکگرتوو و یەکانگیر هەبوو، ئەگەرچی لەوەی دووەمیاندا دیسان بە یاریی دەرەکی و ئەملاولا ماوەکەی کورت کرایەوە و لە 16ی ئۆکتۆبەردا درزی تێكەوت، بەڵام هەردوو قۆناغ و وێستگە دەرکەوتەیەکی درەوشاوەی ئەو ڕۆحە ڕزگاریخوازە بوون کە بە هەموو برین و لاوازییەكانەوە وتیان ئێمە ئیتر نامانەوێت درێژە بەم ڕەوتە بدرێت، ڕەوتێک لە زوڵم و چەوسانەوە کە هەم لە زەمەنی بێ یاسایی و شەڕدا کراوە و هەمیش لە سەردەمی یاسا و یاریی دیپلۆماسیدا.

بەڵگەی بەهێز و لە هەمانکاتدا ئاڵۆزی ئیرادەی یەکگرتنی ڕیفراندۆم، بەشداریی زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان و ڕێژەی 93%ی بەڵێ بۆ سەربەخۆیی بوو، ئەگەرچی بەشداریی لایەنە سیاسییەکان بۆ ساتێکی کورت و بەرژەوەندییانەیش بووبێت، هەر دەکرێت وەک دەرکەوتنی ئەو خواستە قووڵەی ناخی ئیرادەی گشتیی کورد بخوێنرێتەوە کە سەربەخۆیی و ڕزگاریی دەوێت.

لەو ڕۆژەدا کورد بە جیهانی ڕاگەیاند، ئێمە جیاین لە نەتەوەکانی دیکە، کولتوور، زمان، ئاڵا، مێژوو و خەبات و پرۆژەمان بۆ خۆمان و شارستانییەتی ناوچەکە و تەنانەت كەشوهەواشمان جیاوازە، ئەگەرچی سەری نەگرت، بەڵام بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگر و کێشەسازە بۆ ئەو ڕوانگانەی لە مێژوودا کوردیان وەک خێڵەکی، سەربەخۆیینەویست و یەکنەگرتوو باس کردووە. ئەگەرچی ئەو ڕوانگانەیش ڕێژەیەك لە ڕاستییان تێدایە، بەڵام نابێت بکرێن بەو بەڵگە ستەمکارانە و تێکدەرانەیەی کورد بکەن بە ژێردەستەی دەوڵەتان و نەتەوەگەلی فاشی و دواکەوتووی ناوچەکە.

لە ساڵڕۆژی ڕیفراندۆمدا دەبێت لەسەر یەکخستن و یەکگرتوویی زیاتری ئەم ئیرادە فرەڕەهەندە لەنگەر بگرین، بەرژەوەندیی بەرتەسکی حزبی و ناوچەیی، پەرەپێدانی کولتووری شارچێتی و پڕوپاگەندەی میدیایی ناتەندروست بەو ئاڕاستەیەدا، دەتوانێت داهاتوویەکی لێڵ بۆ هەموومان، چ ئەوانەی ڕیفراندۆمچین و چ ئەوانەیشی دژی بوون، دروست بکات.

لەم یادی ڕیفراندۆم و درەوشانەوەیەدا، ئەگەرچی جۆشوخورۆشێكی ماوە کورت بوو، بەڵام هاوئاهەنگی و یەكگرتنێكی بەهێزی ناو ئەو ڕەنگانە بوو کە هەرکامیان ڕوانگە و فۆرمێک لە چالاکیی سیاسییان هەبوو، ئێمە دەبێت لەم دەرگایەوە بچینە ژوورەوە تا دەسکەوتەکان ببینین و زیاتر ئیشی لەسەر بکەین.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *