ریفراندۆم دەرکەوتنی کورد لە دنیادا

بینەر: (10)

کورد لە هەموو نەتەوەکانی تری سەر زەوی لەپێناو ئازادیدا قوربانی زیاتری داوە

بۆیە سەربەخۆیی تاكە مافە كە شایانی قوربانیی گەلی كورد بێت، هیچ شتێك لەوە كەمتر شایانی كورد نییە، لەم ڕوانگەشەوە بیرۆكەی ریفراندۆم سەری هەڵدا..

لە حەوتی حوزەیرانی 2017 لە پیرمام، نوێنەرە باڵاكانی پارتە سیاسییەكانی ناو پەرلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە ئامادەبوونی سەرۆك بارزانی و جێگری سەرۆكی هەرێمی ئەوكات و سەرۆكی حكوومەت و سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی كوردستان، بڕیاری ریفراندۆم درا و ئەنجوومەنی باڵا پێكهێنرا، ئەو لایەنانەی بەشدار بوون لە ئەنجوومەن، بریتی بوون لە پارتی دیموكراتی كوردستان، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، یەكگرتووی ئیسلامی، بزووتنەوەی ئیسلامی، حزبی زەحمەتكێشان، حزبی شیوعی، حزبی سۆسیالیست، پێكهاتەكان.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا رۆژی 25ی ئەیلوولی 2017، وەك رۆژی بەڕێوەچوونی ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستانی عێراق و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم درا، سەرجەم پارت و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بە پێكھاتەكانیشەوە، رەزامەندییان لەسەر ریفراندۆم دەربڕی.

10 رۆژ پێش وادەکەی، لە 15/9/2017، پەرلەمانی كوردستان بە زۆرینەی دەنگ، بەڕێوەچوونی ریفراندۆمی پەسند كرد. كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان سەرپەرشتی بەڕێوەچوونی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كرد.

گرنگیی بڕیاری ریفراندۆم لەوەدا دەركەوت كە نەك تەنیا لە هەرێمی كوردستان، بەڵكو پرۆسەكە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیش بگرێتەوە، بڕیارەكەش پشتبەستوو بوو بە بنەماكانی مافی چارەی خۆنووسین كە دەقێکی ددانپێنراوە لەلایەن كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، بەو پێیەی گەلی كوردستان خاوەن هەموو تایبەتمەندییەكانی خۆیەتی لە رووی خاك، زمان، كولتوور، مێژوو و شوناس، گشت بنەماكانی پێناساندنی وەك گەلێك ھەیە، بۆیە بە هەموو پێوەرەكان مافی هەیە بڕیار بدات لەسەر چارەنووس و داهاتووی خۆی.

لە 25/9/2017، ریفراندۆمی خەڵكی كوردستان بۆ سەربەخۆیی بەڕێوە چوو، تێیدا چوار ملیۆن و 561 هەزار و 255 كەس لە هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكان، مافی دەنگدانیان هەبوو، سێ ملیۆن و 305 هەزار و 925 كەس بەشدارییان لەو راپرسییەدا كرد كە دەكاتە زیاتر لە 72%، لە ریفراندۆمدا دوو ملیۆن و 861 هەزار و 471 كەس بە “بەڵێ” دەنگیان بۆ سەربەخۆیی كوردستان دا كە دەكاتە زیاتر لە 92%.

ریفراندۆم مافێكی یاسایی گەلی كوردستان بوو، ئەم مافە دەمێك بوو سەرۆك بارزانی كاری بۆ دەكرد و پێشتر لە چەندان شوێن باسی لێوە دەكرد، راگەیاندنی بۆ هان دەدرا و لە ناوخۆ ئامادەكاریی بۆ دەكرا.

بیرۆكەی ریفراندۆم لە سەربەخۆخوازیی سەرۆك بارزانییەوە سەرچاوەی گرتبوو كە هەمیشە پێی وایە كورد مافی سروشتی خۆیەتی وەك هەموو نەتەوەیەكی تر، خاوەن دەوڵەت بێت، بیرۆكەی هەرێمێكی فیدراڵیش هەر لە دوای راپەڕین لای سەرۆك بارزانییەوە بەیان كرا و پێی وابوو، هیچ شتێك شایانی ئەو هەموو تێكۆشانەی كورد نییە جگە لە سەربەخۆیی.

سەرۆك بارزانی وا بیر دەكاتەوە تاكە ئامانجی پیرۆز و گەورە سەربەخۆیی كوردە، ئەوكاتەیە كە دەوڵەتێك لەناو دەوڵەتانی دنیا بە سەربەرزی بەناوی كوردەوە هەبێـت، ئەمە تۆزێك سوكنایی بەو قوربانیدانە دەدات كە 100 ساڵە كورد دەیدات.

سەرۆك بارزانی لە چەندان شوێن ئاماژەی بەوە كردووە کە ئێمە لە هەر قۆناغێك و بەهەر ناوێكەوە كارمان كردبێت، دواتر ئامانجە گەورەكەمان سەربەخۆیی بووە، چونكە تاكە مافە شایانی كورد بێت.

لە پۆستێكی ساڵانی رابردوویدا لە یادی ریفراندۆم سەرۆك بارزانی نووسیبووی: ئەگەر لەپێناو سەروەری و شكۆدا سەركێشیت كرد، بە كەمتر لەوەی ئامانجتە، ڕازی مەبە، ئازادی لە بەهادارترینەكانی ژیانە، بۆیە نرخەكەی گرانە.

لە شەڕی داعش و سەرکەوتنی پێشمەرگە و بەدەنگەوە هاتنی وڵاتان و پێوەندی کورد لەگەڵیان سەرۆک ئەمەی بەدەرفەتزانی و پێی وابوو ئێستە کاتیەتی و وڵاتان کورد دەبینن، چونکە دوای شەڕ و ئاساییبوونەوەی دۆخەکە وڵاتان بایەخیان بۆ هەرێمی کوردستان وەک کاتی شەڕ نابێت، ئەگەریش ئەنجامەکەی رەتکرایەوە ئەوە کورد دەنگی خۆی دوای 100 ساڵ دەگەیەنێت بە دنیا و ئێستە ریفراندۆم قوربانی زۆری پێویست نابێت.. بەڵام ئەوەی کە دەگوترێت ریفراندۆم بووە هۆی لەدەستدانی بەشی زۆری ناوچە کێشە لەسەرەکان ڕاست نییە، چونکە پێش ریفراندۆمیش پلانی عێراق و وڵاتانیش ئەوەبوو کە پێشمەرگە ئەو شوێنانەی بەخوێن گرتوونی، ڕادەستی سوپای بکاتەوە، تەنانەت لەکاتی شەریشدا هەست بەوە کرا کە داعش شوێنەکانی خۆی بێ شەڕ رادەست دەکات، بەڵام لەگەڵ پێشمەرگە بەهەموو هێزییەوە بەرەنگاری دەکات، ئەوکات لەبەرەی پێشمەرگە شەڕی گەورەبوو لەبەرەی سوپای عێراق داعش پاشەکشێی دەکرد، تەنانەت حەویجە کە دڵی داعش بوو بێ شەڕ رادەست کرا، ئەوە پلانێک بوو بۆ ئەوەی کورد خاکی زیاتر نەگرێت، تەنانەت ڕێککەوتنی کورد و ئەمەریکا و عێراق هەبوو ئەو ناوچانە دەبێت رادەست بکرێنەوە بەسوپا کە بەخوێنی کورد لە داعش رزگار کرابوون. ئەمە شتێک بوو هەر دەبوو ڕووبدات.. بەڵام رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر خێراتر کرد.

ئەگەرچی كورد لە ریفراندۆم دا جوانترین عینادی سیاسی كرد، رەنگە بیری لەوەش كردبێتەوە كە ئەنجامەكەی قورس دەبێت، بەڵام سەرۆك بارزانی گوتەنی ئازادی بەهاترینە با باجەكەشی قورس بێت، ئامانجەكە بۆ كورد ئەو بابەتە وجودییە بوو كە دەبوو بۆ دنیای بسەلمێنێت، كورد نەتەوەیەكە لەسەر خاكی خۆی زمان و كولتور و دنیای خۆی هەیە، بۆیە پێویستە وەك بونێك لە دنیادا هەبێت و شایانی کیانی سیاسی و گەشانەوەیە لە تەنیشت ئەوانیتردا.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *