ڕیفراندۆم: بەرجەستەبوونی ئیرادەی نەتەوەیەک کە هەرگیز خۆ ناچەمێنێ

بینەر: (11)

یەك

ئەمڕۆ لە ساڵیادی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستاندا، بە سەربەرزییەوە یادی ئەم ڕۆژە پیرۆزە دەکەینەوە؛ چونکە ڕیفراندۆم ڕەنگدانەوەی قووڵترین ئارەزووی ڕامیاری و مێژوویی گەلەکەمان بوو کە سەدەیەکە لەژێر زوڵمی دابەشکاری و نکۆڵیکردن لە بوون و ناسنامەکەیدا ژیاوە.

لەمڕۆدا، کاتێک بە دیدێکی سیاسیی قووڵ و هۆشیارانە لەو وێستگە مەزنە دەڕوانین، بۆمان دەردەکەوێت کە ڕیفراندۆم خاڵی وەرچەرخانی مێژوویی بوو و ئێستاش بەهێزترین کارت و پێوەرە بۆ سەلماندنی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.

لە فەرهەنگی سیاسیی هاوچەرخدا، «ڕیفراندۆم» بەرزترین ئاستی دیموکراسیی ڕاستەوخۆ و لووتکەی بەرجەستەکردنی «سەروەریی گەل»ە. لەم تێڕوانینەدا، دەسەڵات لە بۆشاییەوە نایەت و لەلایەن هێزی دەرەکییەوە نابەخشرێت و ناسەپێندرێت؛ ئەو گەلەی ڕیفراندۆم دەکات، واتە دەسەڵات لە ئیرادەی ئازادانەی هاووڵاتی و گەلەکەیەوە سەرچاوە دەگرێت. گەلی کوردستان لەو ڕۆژەدا سەلماندی کە خاوەنی ئیرادەی سەربەخۆیە و مافی خۆیەتی ئاراستەی داهاتووی خۆی دیاری بکات، بەبێ ئەوەی هیچ ئیرادەیەکی دیکە بتوانێت بە زۆر پێناسەی بکات.

هەروەها لە ڕووی دەستووری و یاسای نێودەوڵەتییەوە، «مافی بڕیاردانی چارەنووس» مافێکی ڕەوا، سروشتی و نێودەوڵەتییە کە لە میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان و پەیماننامە بنەڕەتییەکاندا جێگیر کراوە. ئەگەرچی یاسای نێودەوڵەتی زۆربەی جار بەرگری لە یەکپارچەیی خاکی دەوڵەتان دەکات، بەڵام ئەمە یاسایەکی ڕەها نییە. کاتێک گرێبەستی کۆمەڵایەتی و دەستووری لەنێوان پێکهاتەکانی دەوڵەتێکدا بەتەواوی هەڵوەشێتەوە، ستەم و پەراوێزخستن، بڕینی بودجە، نکۆڵیکردن لە ناسنامە و هێرشی سەربازی دەبنە سیاسەتی فەرمیی دەوڵەتی ناوەند، لەو کاتەدا گەلان مافی ڕەوای خۆیانە کە پەنا بۆ ڕیفراندۆم بەرن وەک دواپێگەی پاراستنی بوون و شکۆی نەتەوەییان.

دوو

لە عێراقدا، حکوومەتی ناوەند لە دوای 2003 وە نەک هەر شەراکەتی ڕاستەقینەی قبوڵ نەکرد، بەڵکوو دەستووری هەمیشەیی پێشێل کرد و مافە ئابووری و سیاسییەکانی هەرێمی کردە چەکێک بۆ چۆکپێدادانی گەلی کوردستان. هەر بۆیە گەلی کورد پەنای بردە بەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم وەک خەباتێکی مەدەنی و وەڵامێکی دەستووری و ئەخلاقی بۆ بارودۆخێکی ناچارکەر، سەرباری ئەو بارودۆخە دژوارەی بڕیارەکەی تێدا دەدرێت.

لە مێژووی گەلاندا، زۆر هەلومەرج هەن کە بڕیاردان تێیدا ئەستەمە و پێویستی بە بڕیارێکی کارێزمایی هەیە. بۆیە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان و لە سەرووی هەموویانەوە جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی، سەرەڕای ئاگاداربوون لە هەموو هەڕەشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، بڕیاری دا کە نەترسانە ئیرادەی گەل بخاتە سەرووی هەموو حساباتێکی کاتییەوە.

بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، بە سەرکردایەتی سەرۆک بارزانی گواستنەوەی خەباتی کورد بوو لە قۆناغی بێدەنگ و چاوەڕوانیی بەزەیی دەوڵەتانی زلهێز، بۆ قۆناغی خاوەندارێتی لە چارەنووس و خستنەسەر نەخشەی سیاسیی جیهان کە کورد وەک قەوارەیەک ئیرادەی خۆی هەیە.

ئەم هەنگاوە، پێگەی سەرۆک بارزانی وەک پاڵەوانی سەربەخۆیی و سیمبولی هەمیشەیی خەبات و نەبەرد لە مێژووی هاوچەرخدا چەسپاند و کورد بە شانازییەکی بێوێنەوە لەو وێستگە مەزنە دەڕوانن.

سێ

سەرەڕای هەموو پیلانگێڕییەکان، تەماعکاریی هێزە ئیقلیمییەکان و خیانەتی ناوخۆیی و لێکەوتە تاڵەکانی 16ی ئۆکتۆبەر، ڕیفراندۆم نەبوو بە کۆتایی ڕێگا و نەتوانرا ئیرادەی نەتەوەیەک لەناو ببرێت؛ بەڵکوو ڕیفراندۆم بووەتە بەهێزترین و ستراتیژیترین کارتی سیاسی کە لە ئایندەدا دەتوانین سوودی لێ ببینین. دەنگی ملیۆنیی «بەڵێ» بۆ سەربەخۆیی، مۆری مێژوویی و شەرعییەتی جەماوەرییە کە بە هیچ بڕیارێکی سەربازی، گەمارۆی ئابووری و خیانەتێکی ناوخۆیی لەناوناچێت. لە هەر دۆخێکی گونجاوی جیۆپۆلیتیکیی داهاتوودا، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، ئەم ڕیفراندۆمە دەبێتە پێشینەیەکی یاسایی و سیاسی کە ناتوانرێت فەرامۆش بکرێت و ئەو پەیامە ڕوونە کە گەلی کوردستان لە ڕێگەی سندوقەکانی دەنگدانەوە ناردوویەتی، هەمیشە وەک بەڵگەیەکی زیندوو بۆ مافی بڕیاردانی چارەنووس لەسەر مێزی گفتوگۆ نێودەوڵەتییەکان دەمێنێتەوە.

لە کۆتاییدا، یادی ڕیفراندۆم تەنیا یادکردنەوەی ڕۆژێکی مێژوویی نییە؛ نوێکردنەوەی پەیمانێکە لەگەڵ ئەو کاروانە پڕ لە سەروەرییەی کە بۆ ڕزگاری و شکۆی ئەم گەلە خەباتیان کرد و خوێنیان دا.

ڕیفراندۆم دەنگی نەتەوەیەک بوو کە ویستی بە جیهان بڵێت: ئێمە هەین، خاوەنی ئیرادەین، و مافی ئەوەمان هەیە داهاتوومان بە دەستی خۆمان بنووسین.

ڕێگا ڕەنگە درێژ و پڕ لە ئاڵنگاری بێت، بەڵام ئیرادەی ئەو گەلەی بۆ سەربەرزی خەباتی کردووە، هەرگیز خۆی ناچەمێنێت؛ چونکە ڕیفراندۆم تەنها دەنگدان نەبوو، بەڵکوو لوتکەی هەڵوێستی نەتەوەیەک بوو کە بە بڕواوە ڕایگەیاند: تاوەکوو زیندوو بین، چارەنووسمان بە دەستی خۆمان دەبێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *