ئەو وڵاتانەی زیاتر هەڕەشەكانی ئەمەریكا سەبارەت بە ئێران دەیانگرێتەوە

بینەر: (1.1K)

بڕیارە ئەمڕۆ دووشەم وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا فرەوانكردنی بازنەی سزاكانی سەر ئێران رابگەیەنێت و هەڕەشە لەو وڵاتانە بكات كە پێوەندیی ئابووری و بازرگانیان لەگەڵ تاران هەیە، راپۆرتێك باسی ئەو وڵاتانە دەكات كە زیاتر هەڕەشەكانی ئەمەریكا دەیانگرێتەوە لەوانە عێراق.

بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی “نیویۆرك تایمز”ی ئەمەریكی، سكۆت بێسنت وەزیری گەنجینەی ئەمەریكا بە نیازە زنجیرەیەك سزای نوێ بۆ دابڕینی زیاتری ئابووریی تاران رابگەیەنێت، ئەوە لەوكاتەی ئابووری ئێران خۆی گوشارێكی زۆری لەسەرە و بەهای تمەنی ئەو وڵاتە لە دابەزینی زیاتر بەردەوامە و هەناردنی نەوتەكەی گەمارۆەیەكی سەختی ئەمەریكای لەسەرە، لەو وڵاتانەی كە جیا لە ئێران هەڕەشەی ئەمەریكای لەسەرە، چین، كە گەورەترین كڕیاری نەوتی ئێران و گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی تارانە و 90%ی نەوتی ئەو وڵاتە دەكڕێت.

هیند، كە ئەویش كڕیارێكی گەورەی نەوتی ئێرانە، ئەگەرچی لە ساڵانی دوایی و لەژێر گوشاری ئەمەریكا پێوەندیی بازرگانی لەگەڵ ئێران و كڕینی نەوتەكەی وەستاند، ئیمارات، هەفتەی رابردوو خۆی بەهۆی بەردەوامیی بۆردمانەكانی ئێران هەموو مامەڵە و پێوەندییەكی بازرگانی و دارایی لەگەڵ ئێران وەستاند، توركیا و عێراق و پاكستان، ئەوانەش دەكەونە ژێر گوشاری راستەوخۆی ئەمەریكا بۆ وەستانی مامەڵە بازرگانی و داراییەكانیان لەگەڵ ئێران، بە گشتی كۆمپانیا و بانكەكانی دنیا دەكەونە بەردەم هاوكێشەیەكی سەخت، بڕینی پێوەندی لەگەڵ ئێران یان خۆخستنە مەترسی و سزای ئەمەریكا و لەدەستدانی گەیشتن بە سیستمی دارایی ئەمەریكا و بازاڕەكانی.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *