دوا وادەی دیاریكراو بۆ داماڵینی چەكی میلیشیاكان لە عێراق بووەتە تەنگژەیەكی تر و كەوتووتە نێوان بگرە و بەردەی ئێران و ئەمەریكا، ئێران بە هیچ جۆرێك رازی نییە حكوومەتی عێراق دەست بۆ چەكی میلیشیاكان ببات و ئەمەریكاش بە جگە لە داماڵینی چەك رازی نابێت، هەردوولا گوشاری توندی ئابووری و داراییان خستووەتە سەر بەغدا و زیاتریشیان لایە، شیعە بۆ خۆدەربازكردن لەو تەنگژەی كە مەترسییەكی رژدە لەسەریان، لیژنەیەكیان پێك هێناو و بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێك.
بەپێی سەرچاوەیەكی ئاگەداری سیاسی گفتوگۆی رانەگەنراوی لیژنەی دانوستانكاری چوارچێوەی هاوئاهەنگی، كە لە نووری مالیكی و هادی عامری و محەمەد شیاع سوودانی پێك هاتووە، لەگەڵ میلیشیاكان و حكوومەتی عێراق بەردەوامە، بۆ گەیشتن بە چارەسەرێك و دواخستنی ئەو دۆسیە بۆ دوای 30ی ئەیلوولی داهاتوو كە دوا وادەی دیاریكراو لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە.
لیژنەكەی چوارچێوە هەوڵ دەدات ئەو دۆسیە نەگاتە شەڕ و رووبەڕووبوونەوەی هەردوولا، حوسێن ئەسعەد شارەزای ستراتیجی دەڵێت، پێویستە وریا بین، هەر پاشگەزبوونەوەیەكی حكوومەتی عێراق لە بڕیاری داماڵینی چەك یان درێژكردنەوەی وادەی جێبەجێكردنی بێ بوونی پلانێكی روون و ماوەیەكی دیاریكراوی كاتی، لێكەوتەی گەورەی سیاسی و تەناهی بۆ عێراق دەبێت، بەتایبەتی كە ئەمەریكا و وڵاتان بە چڕی چاودێریی ئەو دۆسیە دەكەن، چونكە بابەتی چەكی میلیشیاكان بابەتێكی تەواو ناوخۆیی نییە و پێوەستە بە وێنەی عێراق و پێوەندییەكانی لەگەڵ واشنتن و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و سەقامگیری و سەروەریی عێراق و توانای حكوومەت بۆ رێگرتن لە بۆردمانكردنی وڵاتانی دراوسێ لە خاكی عێراقەوە.
















Leave a Reply