ئەمڕۆ دووشەم 24ی ئابی 2026، ئەنتۆنیۆ گۆتۆرێس سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، هۆشداریی دا لەوەی هێرش و پەکخستنی جووڵەی دەریاوانی لە گەرووی هورمز و دەریای سوور، بازرگانیی جیهانی و ئاسایشی خۆراکی خستووەتە مەترسییەوە، هاوکات نەتەوە یەکگرتووەکان کار بۆ دانانی میکانیزمێک دەکات تا بەشێوەیەکی بێلایەنانە تێپەڕبوونی کەشتییە بازرگانییەکان ئاسانتر بکات.
گۆتۆرێس لە گوتارێکدا سەبارەت بە ئازادیی دەریاوانی، ڕای گەیاند کە ئەو هێرشانەی ئێستە، لەگەڵ کاریگەرییەکانی جەنگی ئۆکراینا، هەڕەشە لە ڕێڕەوە سەرەکییەکانی هەناردەی نەوت، دانەوێڵە و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان دەکەن. ئەو دووپاتی کردەوە کە ئەم قەیرانانە شادەماری بازرگانیی جیهانی دەخنکێنن و گوشارێکی زۆر دەخەنە سەر سیستەمی خۆراکی جیهانی، کە ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان، زیادبوونی برسییەتی و زیانگەیاندن بە چینە هەژارەکان.
سکرتێری گشتی ئاماژەی بەوە دا کە جووڵەی تێپەڕبوون لە گەرووی هورمز خەریکە بەتەواوی دەوەستێت. لە کاتێکدا نرخی نەوت بەڕێژەی 33% بەرزترە لە کاتی دەستپێکردنی ململانێکان، هەروەها تێچووی گواستنەوەی جیهانیی کۆنتەینەرەکان بەڕێژەی 84% بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زیاد بووە، ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی تێچووی پەین و پێداویستییە سەرەکییەکانی تر.
لەم چوارچێوەیەدا، گۆتۆرێس دووپاتی کردەوە کە ماف و ئازادییەکانی دەریاوانی تەنیا دروشم نین، بەڵکوو بەشێکن لە یاسای نێودەوڵەتی و پێویستن بۆ ئاشتی و ئاسایشی جیهانی. داواشی کرد کە کەشتییەکان و دەریاوانە مەدەنییەکان بپارێزرێن، و نابێت گەرووە دەریاییەکان ببنە ئامرازی گوشار سەپاندن.
















Leave a Reply