سەردانی نهێنیی فەرماندەی سوپای قودسی ئێران ئیسماعیل قائانی بۆ عێراق لە ٩ی ئابی ٢٠٢٦دا، بووەتە یەكێك لە ڕووداوە تەناهی و سیاسییە هەرە دیار و هەستیارەكانی گۆڕەپانی ناوچەكە. بەپێی سەرچاوە هەواڵییە عێراقی و عەرەبییەكان، ئامانجی سەرەكی لەم سەردانە نەخشە بۆدانراوە، تێكدانی هەوڵەكانی حكوومەتی عێراق و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكایە كە ئامانجیان داماڵینی چەكی گرووپە چەكدارەكان و كۆتاهێنانە بە هەژموونی هێزە نافەرمییەكان لە ناوخۆی وڵاتدا. ئەم جووڵەیەی تاران ڕەنگدانەوەی نیگەرانییە قووڵەكانی ئێرانە بەرانبەر بڕیارە تەناهییەكانی بەغدا، چونكە بێچەككردنی ئەو هێزانە ڕاستەوخۆ پێگەی ستراتیجی و ناوچەیی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراقدا لاواز دەكات.
لەم سەردانەدا قائانی كۆمەڵێك پەیام و مەرجی ڕوونی ئاراستەی زەیدی و سەركردەی هێزە سیاسییەكانی عێراق كردووە. خاڵە جەوهەرییەكانی پەیامەكەی قائانی لە چەند تەوەرێكی سەرەكیدا كورت دەكرێنەوە:
● پاراستنی چەكی گرووپە چەكدارەكان: ڕەتكردنەوەی بەبڕشتی هەر هەوڵێك كە ئامانجی كۆنترۆڵكردن یان سەندنەوەی چەك بێت لەو هێزانەی لە ئێرانەوە نزیكن. قائانی دووپاتی كردووەتەوە كە ئەم گرووپانە بەشێكی سەرەكی و دانەبڕاون لە بەرەی «موقاوەمە» و لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانیی تەواویان لێ دەكرێت، بۆیە بە هیچ شێوەیەك ڕێگە نادرێت چەكەكانیان ڕادەستی دەوڵەت بكرێتەوە.
● ڕێگریكردن لە پێكدادانی ناوخۆیی: بەكارهێنانی هەموو ڕێگەچارەیەك بۆ ڕێگریكردن لە روودانی هەر جۆرە ڕووبەڕووبوونەوەیەكی سەربازی یان پێكدادانی چەكداری، لە نێوان هێزە تەناهییەكانی عێراق و گرووپە چەكدارە نزیك و سەربە ئایدۆلۆجیای تاران.
● قەدەغەكردنی بەكارهێنانی هێز: ئاگاداركردنەوەی رژدی حكوومەتی زەیدی لەوەی كە بە هیچ شێوەیەك بەزەبری چەك و هێزی سەربازی، ڕووبەڕووی ئەم گرووپانە نەبێتەوە و هەوڵی ڕامكردنیان نەدات.
● هاوئاهەنگیی سیاسی: بەستنەوەی تەواوی بڕیار و هەڵوێستەكانی «چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەكان» بە سیاسەتە گشتییەكان، ئاراستەكان و بەرنامە ستراتیجییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە.
● بەڵێننامەی تەناهی: دانانی مەرجێك كە بەرانبەر هێشتنەوەی چەكەكانیان و دەستكاری نەكردنیان، گرووپە چەكدارەكان بەڵێن دەدەن هیچ جۆرە هێرش و دەستدرێژییەك نەكەنە سەر وڵاتانی ناوچەكە و دراوسێكان.
لە بەرانبەر ئەم گوشارانەدا، حكوومەتی زەیدی تا ٣٠ی ئەیلوولی وەك دوا مۆڵەت دیاری كردووە بۆ ئەوەی گرووپە چەكدارەكان كۆتایی بە سەرجەم چالاكییە سەربازییەكانیان بهێنن و بچنە ژێر ڕكێفی دەوڵەتەوە. بەڵام ئەگەر گرووپەكانی سەربە ئێران پابەندی ئەم داواكارییانەی زەیدی نەبن، ئەوا سەرۆك وەزیران لە بەرانبەر سێ ڕێگەچەرەی هەستیار و بە ئازاردا دەبێت:
یەكەم/ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ: بەكارهێنانی تەواوی توانای تەناهی و هێزی فەرمیی دەوڵەت بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكە و داماڵینی چەكی گرووپەكان بەزۆر، ئەمەش مەترسیی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆیی و شڵەقانی سەقامگیریی لە ناوخۆی وڵاتی لێ دەكەوێتەوە.
دووەم/ ملدان و پاشەكشە: رادەستبوون بە خواست و سیاسەتەكانی ئێران و هاوپەیمانەكانی لە ڕێگەی هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری داماڵینی چەك و هێشتنەوەی گرووپە چەكدارەكان لە سەرجەم چالاكییەكانیاندا؛ بەپێی خوێندنەوەی چاودێران ئەمە بەهێزترین و ئەگەری هەرە نزیكە لە واقیعەوە.
سێیەم/ دەست لەكاركێشانەوە: دەست لەكاركێشانەوەی زەیدی لە پۆستەكەی، لە حاڵەتێكدا ئەگەر نەتوانێت لە نێوان پاراستنی سەروەریی دەوڵەت و ملدان بۆ گوشارە بەردەوامەكانی تاراندا یەكێك لە بژاردەكان یەكلا بكاتەوە.
سەردانە ئاڵۆز و نەخشە بۆ دانراوەكانی قائانی، دەریخست كە ململانێی سەروەریی دەوڵەت و هەژموونی هێزە هەرێمییەكان لە عێراقدا، گەیشتووەتە قۆناغێكی زۆر مەترسیدار. ئەنجامی ئەم دانوستانە نهێنییانە و نزیكبوونەوەی وادەی دیاریكراو لە كۆتایی مانگی ئەیلوولدا، دواڕۆژی پێوەندییەكانی بەغدا و تاران و چارەنووسی سەقامگیریی تەناهیی گشتیی دەوڵەتی عێراق دیاری دەكەن.
















Leave a Reply