فیلمی “بەهەشت نابینی ئەگەر ژن بتکوژێ” ناوی فیلمێکی نوێی فیلمسازی کورد “هەڵکەوت مستەفا”یە کە لە فێستیڤاڵی فیلمی ڤێنس فەرشی سووری بۆ ڕادەخرێت. بێگومان ناوەرۆک و پێکهاتی هونەریی فیلمەکە جارێ بەهۆی ئەوەی ئۆکرانی گشتیی نەبووە، ناتوانین هیچ قسەیەکی لەسەر بکەین، بەڵام بەهۆی ئەم ڕووداوە هونەرییە گرینگەوە، دەمەوێ چەند سەرنجی بە تاڵووکە لێرە بخەمە ڕوو.
ئاماژەی نادیار و شاراوەی پشت ناوی ئەم فیلمە، هەر ئەوەیە کە من لە سەرەوە وەک سەردێڕ هێناومە، بەڵام دەرهێنەر بە ئاڵۆزییەکی ناسکەوە بەبێ ئاماژە بە دۆزەخ، مەبەستەکەی خۆی گەیاندووە. هاوکات دەربڕی ئەوەیشە کە خەونی دەستبەسەرداگرتنی جەستە و بوونی ژن لە بەهەشتیشدا لە تاریکپەرستان و بیرداعشییەکان تێک دەدات و هەڵیدەوەشێنێتەوە. ئایدیاکە و ناوی فیلمەکە ڕەگەزێکی سوریالی و هونەریی وەهای تێدایە کە بەرهەمی ئەو واقیعە ترسناک و کوشندەیەیە کە بیری توندڕۆ و کۆنەپەرستی داعشی و ئیسلامی سیاسیی بەرهەمی هێناوە.
ئەوەی کە ئایدۆلۆجیایەک هەبێت باوەڕی وابێت ئەوەندە حۆری و غیلمان و ڕووباری شەراب و … لە بەهەشتدا چاوەڕوانیی دەکەن، خۆی لە خۆیدا سورریالیزم و خەیاڵێکی ڕەشە، ڕەشۆداماڵینە لەو خواستە تاریکە شەهوانییەی پیاو کە فرۆیدگوتەنی، لە دۆزەخی ناوشیارەوە هەڵدەقوڵێت. خاڵی ترسناک و ژیارکوژی ئەم سوریالیزم و خەنگەراییە ڕەشە، ئەوەیە کە دەیەوێت بەر لەوەی دەستی بەو بەهەشتە خەیاڵییە پڕ لە ژن و خۆشییە بگات، هەر لێرە لە چوارچێوەی یاساکانی وەک کەنیزەک و تەنانەت مسیار و غەنیمە و… قۆڵی لێ هەڵماڵی و بە کوردتی، دەیەوێت هەر لێرەوە تەمرین و مەشق بکات تا کاتێ دەچێتە بەهەشت.
بێگومان هەر مرۆڤێکی بە ویژدان و ئاوەزمەند لە ترسناکی و ناباویی ئەم خەیاڵە ڕەشانە تێدەگات، تەنانەت ئەگەر ئیمانداریش بێت و سەربە هەمان بەرنامە بێت، بەو مەرجەی ویژدان و ئاوەز پێڕەو بکات. بۆیە بابەتی فیلمەکە خۆی بابەتێکی هونەرییە لەناو بازنەی کارەسات و جوانیناسیدا، خۆی دەبینێتەوە. جوانیناسییەک کە تاریکی و ڕەشییەکان ڕیسوا دەکات و شکۆ و قەشەنگی دەنوێنێتەوە. بۆیە دۆزەخ دەبینی ئەگەر ژن بتکوژێ، ناوی لاوەکی و شاراوەی فیلمەکە دەبێت، ئەگەرچی وەک ناوە سەرکییەکەی فیلمەکە پڕ بە پێست نییە، بەڵام دەکرێت ئەم شیکارییە وەک تەواوکەری پرۆسەی ناونانی فیلمەکە ببینرێت.
سەرنجێکی دیکە کە دەمەوێت باسی بکەم، ئەوەیە کە شەڕی داعش و دژایەتیی قەستەسەری ئیسلامی سیاسیی و عرووبە دژی کورد، بابەتێکە لە سەرانسەری مێژووی کورد پاش هاتنی ئیسلامی سیاسی، ئاڵاوە. لە بابەتی داعشدا بە توندی دیسان خۆی نواندەوە و جەرگی هەزاران دایکی ئەم وڵاتەی سووتاند. بەڵام لە پاڵ ئەزەیشدا دەبێت ئەو جەربەزەیی و نەبەردییەی پێشمەرگە و ژنی کورد بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تاریکپەرستیدا بە زەقی نیشان بدەین. هونەری سینەمایی کوردی بە زۆر هۆكار کە ڕەنگە گرینگترینیان بابەتی سپۆنسەر و دارایی بێت، کەمتر پەرژاوەتە سەر ئەم بابەتە بە گشتی و ژنی شۆڕشوان بە تایبەتی. پێویستە دەرهێنەر و شانۆکار و فیلمسازی کورد بە گشتی، لەو ڕووەوە چاو لە بابەتەکە بکەن.
ئەو ئەزموون و کارەساتە بەسەر هەر نەتەوەیەک بهاتایە و لە هەر وڵاتێکی تردا ڕووی بدایە، ئێستە دەیان و سەتان دراما و فیلمیان لێ بەرهەم هێنابوو، بەڵام با بپرسم ئێمە چەند فیلم و کورتە فیلممان بەرهەم هێناوە؟ با لە دراما گەڕێینە چونکە درامای تورکی و فارسی هەموو گۆڕەپانەكەی داگیر کردووە و تاران و بەغداد بوون بە قیبلەگای بەشێکی زۆر لە دۆبلۆجکار و پارەویستەکانی باشوور و ڕۆژهەڵات! بە ڕاستی ئەمە خەسارێکی ترسناکە و چەندان نووسەر هۆشدارییان داوە.
لە ڕوویەکی ترەوە، داگیرکەرانی گۆڕەپانەكە لەلایەن درامای ئێرانی و تورکی و عەرەبییەوە کە دەمڕاست و بانگەشەکەری ئایدۆلۆجی توندئاژۆ و فاشیی وڵاتەکەیانن، وایکردووە جۆرێک شپرزەیی ناسنامەیی لە ڕای گشتیی کوردستاندا بێتە ئاراوە. دڵنیام کەسی وامان بە ئاسانی بۆ دەدۆزرێتەوە کە ئەکتەر و دەرهێنەرانی کورد بە هیچ دەبینێ، کەچی شەیدا و عاشقی کەسێکی لنگاوژووری وەک سەدەف تاهیریانە کە ئێرانییەکان خۆیشیان بە ئەکتەر یان سەماکار یان هەر شتێکی دیکەی نازانن.
لەم ڕووەوە زۆر گرنگە بزانین حکوومەتی هەرێم و دەسەڵاتی سیاسیی هەولێر، لە هەموو قۆناغەكاندا پشتگیر و هاوکاری ئەم جۆر هەوڵانەن و بە بەشێک لە پرۆژەیەکی گەورەی نەتەوەسازیی دەبینن. هەر پشتیوانی و پێشوازیەكی ڕەمزی لەم دەرهێنەرە و هاوشێوەکانی، دەتوانێت هاندەر و دڵنەواییكەرێکی باش بێت بۆ پەرەپێدان بە ڕچە و ڕێبازێک کە ژان و خەون و ئاسۆکانی کوردستان پێشان دەدەن.
هیوادارم ئەڵقەی سینەماکار و فیلمسازانی کورد خاوەنی ستراتیج و یەکگرتووییەک بن کە بتوانن وێنە گەورەکە هەم لە ڕووی کۆمەڵایەتی و ژیارییەوە و هەمیش لە ڕووی سەرمایە و داراییەوە ببینن. بێگومان ئەمە بەشێکە لە ئیشەکەیان و بەو شێوەیە دەتوانن بەرهەمگەلێک بەدی بێنن کە سەرنجی بینەری کورد لە فیلم و درامای سووک و چرووکی ئێرانی و تورکی لا بدەن و ڕایکێشنە دنیای خەون و ئازار و خۆشی و ناخۆشییەکانی کورد و مێژووەکەیەوە.
















Leave a Reply