ئازادییەکەی پارتی و یەکێتی!

بینەر: (16.1K)

ئاکار قادر

رۆژنامەنووسان لە کوردستانی عێراق رووبەڕووی ئاستەنگی بەرچاو دەبنەوە، لە زیندانی کردن، تۆقاندن، لێ گرتنەوەی زانیاری و توندوتیژی جەستەیی، بەتایبەتی لە کاتی ڕاپۆرتکردن لەسەر بابەت گەلێکی هەستیار وەک گەندەڵی یان ڕەخنە لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان.

ئەم کارانە کاریگەرییەکی هەستیاری لەسەر ئازادی ڕۆژنامەگەری دروستکردووە، وایکردووە زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسان هەڵبێن !، خۆیان بشارنەوە!، یان واز لە پیشەکەیان بهێنن.! هەر لەم ساڵانەی دواییدا، رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی “ئەمنستی” داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، کۆتایی بە هێرشەکان بۆ سەر ئازادی ڕۆژنامەگەری بهێنێت!

ئەو جۆرە کارانەی کە لە هەرێمی کوردستان دەرهەق بە رۆژنامەنووسان دەکرێ، کاریگەرییەکی هەستیار و تۆقێنەری لەسەر ئازادی ڕادەربڕین هەبووە، زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسان ناچاربوون هەڵبێن بۆ وڵاتانی دەرەوە، خۆیان بشارنەوە، یان بە تەواوی دەستبەرداری ڕۆژنامەگەری بن.

لە بەرامبەر ڕوپەری ئازاد دا، میدیا چەند گەشە بکات، ستەمی دەسەڵات یان ئەو سیستمەی فۆبیای بە ئەرکی گران و بەرپرسیاری رۆژنامەنووس هەیە، هەمووکات لە سڕی سەرکوتکردن و نیازی نەبوونی رای جیاوازدایە، رایەک کە دەستکاری دۆسیەی هەستیار و ئاشکراکردنی بازرگانی بە دۆسیەی خەڵک بکات، لای ئەوان یان ناخوێندرێتەوە یان بە بێزراوی فڕێ دراوە، چونکە پشتاوپشتی دەسەڵاتی حکومڕان، هەوڵی نوێ و سیستمی نوێ قبوڵ ناکات!

پێشێلکارییەکانی ئازادی ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستن زیاد دەکەن، ئەمە نیگەرانییەکەیە، ئێستا کوردستانی عێراق بووەتە یەکێک لە ناوچە مەترسیدارەکان بۆ کارمەندانی ڕاگەیاندن، جگە لەوەی ژمارەیەک لەو کەسانەی بەهۆی پیشەکەیانەوە دەستگیرکراون، هەر چەند رۆژ جارێک هەواڵی دەستگیرکردن یان کوشتنی رۆژنامەنووسێک دەبێتە مانشێتی هەواڵەکان! یان لە زۆنی سەوزی یەکێتی یان لە زۆنی زەردی پارتی! دۆخەکە مەترسیدارە، وا بڕوات هیچ رایەکی ئازاد و جیاواز لە کوردستان نامێنێت! یان هاوشێوەی کاوە گەرمیانی لە باوەشی دایکماندا بە چەند گوللەیەک دەمانکوژن! یانیش وەک سەردەشت عوسمان بەبەرچاوی هاوڕێکانمان و بە رۆژی رووناک دەمانفڕێنن و دواتر جەستەمان لەسەر شەقامێک فڕێ دەدەن و دەڵێن تیرۆریست بووە!

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *