فەرمان محمد حاجی
فەزاحەتێکی گەورە لەکابینەکەی مەسرور بارزانی ئاشکرا دەبێت کە بەهای گەندەڵییەکە ( 425 ) ملیار دینارە، لەکاتێکدا هەموو ساڵێک چەند مووچەیەکی فەرمانبەران دەفەوتێت کەچی تەنها لەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاریدا بەبەهای چەندین ملیار دزی دەکرێت لەداهاتی گشتی.
لەسەردەمی حوکمڕانی مەسرور بارزانیدا گەندەڵی ڕێکخراو لە پڕۆژە گەورەکانی خزمەتگوزاری و وەبەرهێناندا کراوە، جگە لەدزینی پارەیەکی زۆر بەناوی پڕۆژەی خزمەتگوزاری، جیاوازی گەورەش لەتەرخانکردنی پارەی پڕۆژەکان لەنێوان شارەکانی کوردستاندا ئاشکرا دەبێت.
بەوتەی عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری ڕەوتی هەڵوێست لە پەرلەمانی عێراق : بودجەی ڕێگای كۆیە بۆ هەولێر چوار ئەوەندەی بوجەی ڕێگای دەربەندیخان بۆ كەلارە، واتا ” لەیەك شەقامدا (425) ملیار دینار زیاتر ڕۆیشتووە “
عەلی حەمەساڵح بڕیاردەر و پەرلەمانتاری ڕەوتی هەڵوێست لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا دەڵێت:
دوو پڕۆژەی شەقام هەیە لە هەرێمی كوردستان : شەقامی كەلار بۆ دەربەندیخان كە (41) كیلۆمەترە، تەنیا (137) ملیار دیناری بۆ تەرخانكراوە، هەروەها ڕێگای هەولێر بۆ كۆیە، كە (38) كیلۆمەترە، بڕی (560) ملیار دیناری بۆ تەرخانكراوە، واتا (425) ملیار دینار زیاتری بۆ تەرخانكراوە.
ڕێگای كەلار بۆ دەربەندیخان (32) پردی تێدایە، گەورەترین پردی هەرێمی كوردستانیش لەسەر ئەو شەقامەیە، كیلۆمەترێك لە شەقامەكە لە (كەلار – دەربەندیخان) بڕی (3) ملیار دیناری بۆ تەرخانكراوە، کەچی كیلۆمەترێك لە شەقامەكە لە (هەولێر – كۆیە) بڕی (14) ملیار دیناری بۆ تەرخانكراوە.
كەی مەعقولە ( 1كیلۆمەتر قیر بڕی ( 127) ملیار دیناری بۆ تەرخانكراوە لە رێگای (هەولێر – كۆیە) ئەو كۆمپانیایەی لەو رێگایە كار دەكات (15) ئۆتۆمبێلی لاندكرۆزەری مۆدێل بەرزی داوە بە فەرمانگە پەیوەندیدارەكان لە پێناو چی؟ لەبەر ئەوەی بە ئیحتیكار و جیاوازییەكی ئێجگار گەورە ئەم پرۆژەیەی پێدراوە؟
خەڵکی کوردستان دەپرسن بۆچی و لەپێناو چیدا ئەو جیاوازییە گەورەیە دەکرێت لە تەرخانکردنی پارە بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان ؟ بۆچی بۆ پڕۆژەکانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە ئەو پارەیە نیە بەڵام بۆ هەولێر و دهۆک هەیە ؟ ئەمە جگە لەگەندەڵی و بەهەدەرانی سامانی گشتی هیچی دیکە نیە و دەبێت بەرپرسانی حکومەت لەسەرۆکی حکومەتەوە تا پارێزگاری هەولێر لەسەری دادگایی بکرێن.
فەزاحەتێکی گەورەی گەندەڵی ئاشکرا دەبێت

بینەر:
(1.1K)















Leave a Reply