بارزانی: پێویستە مووچەی هاوڵاتییان نەبێتە بەشێک لە ناکۆکی و ململانێی سیاسی

بینەر: (1.1K)

\"\"

وێستگەنیوز_

مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازیی لە هەڵسووڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کرد. لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کرایەوە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 20ی ئابی 2025، مەسعود بارزانی لە سەلاحەدین پێشوازیی لە ستیڤن فەیگن، هەڵسووڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کرد و بەپێی راگەیەندراوی بارەگای بارزانی، لە دیدارەکەدا کە گویندەلن گرین، کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر؛ ئامادەی بوو، گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت کرا.
 
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا هاوڕابوون کە \”پێویستە چارەسەری پرسی کێشەی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بکرێت و مووچەی هاوڵاتییان نەبێتە بەشێک لە ناکۆکی و ململانێی سیاسی.\”
 
هەروەها \”پاڵپشتیی ئەمریکا بۆ ئەو کۆمپانیا نەوتییانەی کە بەپێی یاسا و دەستوور گرێبەستیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، دووپات کراوەتەوە\”.
 
بارەگای بارزانی دەشڵێت: دواتر باس لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا، هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بارودۆخی سووریا و هەنگاوەکانی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە کرا. هەروەها، بەرەوپێشچوونەکان سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کران.

PM:02:53:20/08/2025

ئه‌م بابه‌ته 40
جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *