بەڵێن جەمال بابەکر
لەم بابەتەدا باس لەوە دەکەین چۆن دەسەڵاتی کوردی لە هەردوو زۆنی سەوز و زەرد، بودجە و سامانی گشتی بەکاردێنن بۆ دروستکردنی ئیمپراتۆریەتی میدیایی. لە کاتێکدا ئەرکی میدیا گەیاندنی ڕاستییەکانە، بەڵام لە هەرێم بووەتە ئامرازێک بۆ جوانکردنی سیمای بنەماڵە سیاسییەکان و گەورەکردنی نەوەکانیان. ئایا میدیای سێبەر و کەناڵە گرانبەهاکان دەتوانن ڕاستییەکان لە خەڵک بشارنەوە؟
وەک دەزانین، یەکێک لە هەرە کارە سەرەکییەکانی هەر دەسەڵاتێک —جا دادپەروەر بێت یان ستەمکار— گرنگیدانە
بە ڕاگەیاندن و کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان. دەسەڵاتداران باش لەوە تێگەیشتوون کە کۆنترۆڵکردنی میدیا، ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی کۆنترۆڵکردنی هۆشیاریی کۆمەڵگە و لەو ڕێگەیەشەوە تەمەنی حوکمڕانییان درێژ دەکەنەوە.
لێرەدا دەتوانین میدیای دەسەڵات بۆ دوو جۆری سەرەکی پۆلێن بکەین:
1. دەسەڵاتی چاکەخواز: کە میدیا وەک ئامرازێک بۆ ناساندنی خزمەتگوزارییەکان و گەیاندنی دەستکەوتە ڕاستەقینەکان بە هاوڵاتیان و جیهانی دەرەوە بەکاردێنێت. ئەمە مافێکی ڕەوای هەر دەسەڵاتێکە کە بیەوێت پشتیوانیی جەماوەری بەدەستبهێنێت.
2. دەسەڵاتی ستەمکار: کە میدیا بۆ مەرامە سیاسییەکانی و وەک ئامرازێکی پڕوپاگەندە بەکاردێنێت. یەکەمین پرەنسیپی ئەم جۆرە میدیایە، “جوانکردنی سیما ناشیرینەکان” و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ئەو دەموچاوانەیە کە لای خەڵک بێزراون.
میدیای کوردی؛ بودجەی خەیاڵی بۆ پیرۆزکردنی بنەماڵە
ئەگەر بە دیاریکراوی سەیری میدیای دەسەڵاتی کوردی بکەین، دەبینین ساڵانە بودجەیەکی خەیاڵی و بێشوماری بۆ تەرخان دەکرێت. میدیا لە کوردستان، وەک هەموو سێکتەرەکانی تر، بەسەر “زۆنی زەرد” و “زۆنی سەوز”دا دابەش بووە. هەر تاکێکی ئەم کۆمەڵگەیە، تەنانەت ئەوانەشی ئاستی وشیارییان کەمە، دەزانن کام میدیا سەر بە بنەماڵەی بارزانی و کامەیان سەر بە بنەماڵەی تاڵەبانییە. ئەوەی جێگەی نیگەرانییە، ئەوەیە کە لە هەر زۆنێکدا چەند کەسایەتییەک کراونەتە “تەوتەم” و چەندین کەناڵ تەنها بۆ پیاهەڵدان بەواندا کار دەکەن.
لە زۆنی زەرد (بنەماڵەی بارزانی):
• مەسعود بارزانی: لە ماوەی سەرۆکایەتیکردنی هەرێمدا (٢٠٠٥-٢٠١٧)، چەندین کەناڵی وەک (کوردستان تیڤی و زاگرۆس) و دەیان میدیای سێبەر لە خزمەتیدا بوون بۆ جوانکردن و پیرۆزکردنی .
• نێچیرڤان بارزانی: ئەندازیاری “ئابوریی سەربەخۆ” کە تاکی کوردی دوچاری قەرزێکی گەورە کرد، ئەویش خاوەنی ئیمپراتۆریەتێکی میدیاییە کە دیارترینیان کەناڵی (ڕوداو)ە، کە لە ناو خەڵکدا بە “کەناڵی نەوتەکە” دەناسرێت.
• نەوەکانیان: ئێستا نۆرەی نەوەکانیانە؛ “ئارین مەسرور بارزانی” لە تەمەنێکی گەنجیدا خاوەنی دامەزراوەی (ئاڤا میدیا) و زانکۆ و کۆمپانیایە. هەروەها “ئیدریس نێچیرڤان بارزانی” کە خاوەنی چەندین ڕێکخراو و زانکۆیە و چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوودا ببێتە خاوەنی کەناڵی تایبەت بە خۆی.
لە زۆنی سەوز (بنەماڵەی تاڵەبانی):
ئەم زۆنەش هیچ جیاوازییەکی نییە؛ بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی هەموو تواناکانی (کوردسات تیڤی، کەناڵ هەشت، گەلی کوردستان) و دەیان میدیای ناوخۆیی و سێبەریان خستووەتە خزمەت بەهێزکردنی پێگەی خۆیان و جواننیشاندانی سیاسەتەکانیان.
لە کۆتاییدا، ئەوەی دەبینرێت لە هەرێمی کوردستاندا، ‘میدیای نیشتمانی’ نییە، بەڵکو ‘میدیای سێبەر و بنەماڵەیە’. تەرخانکردنی ئەو بودجە خەیاڵییانە بۆ کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان تەنها بۆ پینەوپەڕۆکردنی شکستە سیاسی و ئابورییەکانە. بەڵام مێژوو سەلماندوویەتی کە هیچ دەسەڵاتێک بە دیواری میدیا و پڕوپاگەندە نەپارێزراوە، چونکە لە کۆتاییدا وشیاریی هاوڵاتیان و واقیعی تاڵ، زۆر بەهێزترن لەو وێنە جوان و دروستکراوانەی کە لە شاشەی کەناڵە حزبییەکانەوە نیشان دەدرێن. تەمەنی دەسەڵات بە خزمەتگوزاری درێژ دەبێتەوە، نەک بە زۆریی ژمارەی مایک و کامێراکان.
















Leave a Reply