شۆڕشی نەوەی Z

بینەر: (1.4K)

دوا بەدوای ئەو رووداوە سیاسی و سەربازییەی کوردستانی رۆژئاوا، کورد یەکدەست و یەکدڵ رژانە شەقامەکان و دەستیان بە خۆپێشاندان کرد، لە هەموو پارچەکانی کوردستان و لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریكا و ئۆسترالیا، بۆ پشتگیری لە رۆژئاوا گشت کوردستانیان راپەڕین.

لەناو ئەم خەڵکە تووڕە و راپەڕیوەدا نەوەیەک هەیە پێی دەگوتری نەوەی Z کە بە زەقی لە هەموو چەمکەکانی کۆمەڵگە رەنگ دەدەنەوە. ئەم نەوەیە لە نێوان ساڵانی ١٩٩٧- ٢٠١٢ لە دایک بوونە و پێیان دەگوترێ zoomers کورتکراوەکەی Z, واتە هاووڵاتییانی دیجیتاڵ Digital Natives..

ئەمانە جیهانی پێش ئینترنێت ناناسن، چونکە لە کاتی دەرکەوتن و گەشەکردنی تەکنۆلۆجیا لەدایک بوونە، بۆیە نەوەیەکی زۆر زۆر جیاوازترن لە نەوەکانی پێش خۆیان، ئێستە گەورەترینیان بە تەمەن ٢٩ ساڵە و بچووکترینیانشیان ١٣ ساڵە..

نەوەی Z لە رێگەی تەکنۆلۆجیاوە بە ئاسانی دەستی دەگات بە زانیاری و مەعریفە لە دنیادا، کاتی زۆرتریان بۆ دەگەڕێتەوە بۆ فێربوون و زانیارییەکی بێ سنوور دەبینن، بۆیە توانایەکی بەرزیان هەیە لە دەربڕینی کۆتا ڕا، بیرکردنەوەیان زۆر قووڵترە لە چاو تەمەنیان، ئەگەر وا بزانین ئەم نەوەیە تەنیا نەوەی یارییە ئەلیکترۆنی و سۆشیال میدیان، دەبێ دڵنیا بین کە ئەمە تێڕوانینێکی هەڵەیە، چونکە ئەم نەوەیە رابەری دواڕۆژن و چەمک و کوالیتی ژیان بەرەو مەودایەکی زۆر زۆر جیاوازتر دەگوازنەوە..

ئەو یاسایانەی بە زۆر بەسەر نەوەکانی پێشووتر سەپێنراون، نەوەی Z نەک هەر رەتی دەکاتەوە، بگرە هەڵیانوەشاندووەتەوە، چونکە نەوەیەکی رادیکاڵە، لیبڕاڵە، عەلمانیە، باوەری بە یەکسانی ژن و پیاو هەیە، جەخت لەسەر مافی مرۆڤ دەکاتەوە و گرێی دەروونی نییە و ژێردەستەیی قبوڵ ناكات.

ماوەیەکە نەوەی Zی کورد دەورێکی باڵا دەبینن لە راپەڕین و خەباتە سیاسیەکانی هەر چوار پارچەی کوردستاندا، بەبێ رابەرێک کە کۆیان بکاتەوە و رێنوێنییان بکات، خۆیان بەپێی هەستی شەشەم، بەپێی ئینتمای نیشتمانی، بەپێی هەستی نەتەوایەتی، راپەرین و خەباتەکانیان رێک دەخەن و بەوپەڕی رێکوپێکی بەڕێوەی دەبەن، ئەوان دەزانن بەبێ نیشتمان ژیان و کەرامەتی مرۆڤ پارێزراو نییە، ئەوان دەزانن سەردەمی سەردانواندن و کۆیلایەتی باوی نەماوە، ئێستە خەڵک هەمووی یەکسانە، کەس لە کەس گەورەتر نییە..

لە شۆڕشی کەزی نەوەی Z سەلماندی تەنیا نەوەی ئایپاد و تیک تۆک و سۆشیال میدیا نییە، بەڵکوو ئایندەی رۆشنی کوردستانن، دەنگی کوردی ستەملێکراویان گەیاندە ئاستێکی تر، ئەوەی ئەم نەوەیە دەیکات، هیچ حووکمەتێک و هیچ رژێمێک ناتوانێ بۆ ماوەیەکی زۆر رێگریی لێ بکات، چونکە وەک ئامێرە زیرەکەکان خۆیان چارچ دەکەنەوە و دێنەوە مەیدان و بە گڕوتینەوە پەرە بە خەباتی مۆدێرنی خۆیان دەدەن، هەموو رووداوەکانیش وەک فاکت و وەک مێژوو ریکۆرد دەکەن..

لەم هاوکێشەیەدا با نەوەی Alpha لە بیر نەکەین کە لە دایکبووانی ٢٠١٣-٢٠٢٥، ئەوانیش دەورێکی بەرچاویان هەبوو لە شۆرشی کەزی کە شایەنی ستایشن.

هەزاران سڵاو لە نەوەی Z و Alpha، جێی شانازی نەوەکانی پێش خۆیانن..

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *