بەرپرسی سەرەکیی کێیە؟

بینەر: (0)

هێرشەکەی ئەم جارەی کێڵگەی غازی کۆرمۆر زیاتر لە جارانی پێشوو و دیارتر لە هێرشەکانی هاوشێوەی بۆ سەر دامەزراوە ئابووری و ژێرخانییەكانی کوردستان بوو. بەڵام ئەم هێرشە دەنگدانەوەی زۆری لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا هەبوو، ئاماژەکان پێمان دەڵێن، بۆ زۆربەی شیکەرەوە و چاودێرانی کاروباری عێراق و هەرێمی کوردستان، چەندە گرنگ بووە. ئەگەرچی ئێمە هەموومان دەتوانین نزیکترین مەزندە بکەین بێ ئەوەی بەڵگەی تەواویش بخرێتە ڕوو، هێرشەکان کام لایەن کردوونی، بەڵام لە ڕاستیدا مەزەندەی ئەوەمان نەدەکرد پاش کاڵبوونەوەی هێزی ئێران لە عێراق و پاش ئەو بەهێزییەی کوردستان و پێشکەوتنی ڕۆژ دوای ڕۆژی لە بواری پیشەسازی و ژێرخانە ئابوورییەکان و هەروەتر لە پاڵ ئەو دیپلۆماسییە بەهێزەی حکوومەتی هەرێم لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەییدا، ئەم هێرشە بکرێت.

ڕاستییەکەی ئەمە کێشەیەکە بۆ پێشگرتنی دەبێت هەنگاوی کرداریی هەڵبگیرێت و بڕیاری ڕژد و لێبڕاوانە بدرێت، واتە ئەمجارە ئیتر دەسەڵات و دیپلۆماسیی کوردی نابێت بەهیچ شێوەیەک لە یەکلاکردنەوەی بکەرانی ئەم هێرشانە نەرمی بنوێنن و دەبێت دۆسیەی گەورەی یاسایی لە ئاستی ناوخۆیی عێراق و نێودەوڵەتیشدا دروست بکەن. بێگومان ڕاوێژکار و خەڵکانی ژیری ناو حکوومەت خۆیان زۆر وردەکارییان لایە و ژیرانەتریش بڕیار دەدەن، بەڵام ئەمەی من دەیڵێم خواستێکی گشتیی جەماوەرییە و تاقە ڕێگایە بۆ پێشگرتن لەو دەستدرێژی و سنووربەزاندنانە.

خەڵکی کوردستان ئێستە زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە باوەڕیان بە حکوومەتی هەرێم و پرۆژە و ئاوەدانییەکانی هەیە، ئیمانێکی بەهێزیان بە دەوڵەتەکەی خۆیان هەیە و ئەم هێرشە بە هێرشی شەمشەمەکوێرە بۆ ژیانی ڕووناکی تاک بە تاک و ماڵ بە ماڵی خۆیان دەزانن. پاش شەڕی 12 ڕۆژە و خۆکزکردنی کۆماری ئیسلامی و دەستەویەخەبوونی ڕۆژ دوای ڕۆژی زیاتری لەگەڵ قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتی و ژینگەییەکانی ناوەخۆی، ئەم ئەگەرە دوور بوو کە ڕووداوی لەم شێوەیە ڕوو بداتەوە.

ئێستە زووە هیچ دەوڵەتێک تۆمەتبار بکرێت، تا کاتێک بەڵگەکان دەخرێنە ڕوو، بەڵام هەموو دنیا دەزانن دەستەواژەی “میلیشیا” لە هەموو ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گرێدراویەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی بە ئێرانەوە هەیە، ئەو میلیشیایانە لە عیراقی هاوسنوور و هاوئایدۆلۆجیی ئێرانن، گومانەکە دەبێت بە یەقین، بەڵام ڕاستییەکەی ڕوون نییە ئەو میلیشیایانە بە فرمانی ئێران ئەمەیان کردووە یان هاوکێشەکانی ناوخۆی عێراق ئەم ڕووداوەی دروست کردووە.

بابەتەکە هەرکامیان بێت و هەر ئەگەرێکی نهێنیش بێت، لە پلەی یەکەم و دووەم و سێیەم لە ئەستۆی بەغدایە، چونکە ئەمە یەکەمجار نییە ئەم دەسدرێژییە بۆ سەر ژێرخانی ئابووری و مەدەنی کوردستان کراوە و بەپێی ڕاگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆ و پاش دامەزرانی لێژنەی پێوەندیدار بە هاوکاری حکوومەتی فیدراڵ و هاوبەشیی حکوومەتی هەرێم، لە 28ی تەمووزی 2025 تا ئێستە، حکوومەتی فیدراڵ و سەرۆک وەزیرانی عێراق هیچ هەنگاوێکی کرداریی کاریگەرییان هەڵنەگرتووە، ئەمە خۆی هۆکارێکی سەرەکییە بۆ دووپاتبوونەوەی ئەم ڕووداوانە و لێدان لە ژێرخانە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان و دوو شت بە ئێمە دەڵێت:

یەکەمیان ئەوەیە کە حکوومەتی فیدراڵ هەر بەناو حکوومەتە و سەرۆک وەزیران لە باشترین حاڵەتدا بووکەشووشەیەکە بە پەتک و گوریسی هەندێ لایەنی سێبەری توندڕۆ و تیرۆریست دەجووڵێتەوە، واتە ئەگەر ئاگاداریش بێت چ باسە، خۆی لێ ناکات بە خاوەن بۆ ئەوەی لەسەر دەسەڵات بمێنێتەوە یان وەکوو داشی دامە لە کۆی پانتاییەکەوە وەدەر نەخرێت.

بابەتی دووەم ئەوەیە، نەخێر سەرۆک وەزیران لە دەسەڵاتیدایە ئەم هێزانە لغاو بكات و بە جۆرێک سنوورداریان بکات کە نەتوانن هێرشی لەو جۆرە ئەنجام بدن، بەڵام نایەوێت بیکات، ئیتر یان بەهۆی یاریی سیاسییە یان کوتلەبازی و ململانێی ناوخۆی خۆیانە کە باجەکەی بەسەر کورددا دەدەن.

پرسیارێک کە لە دڵی ئەم باسەوە دێتە دەرێ ئەوەیە، ئەم هێرشانە بۆچی بۆ سەر ناوچەکانی دیکەی عێراق ناکرێن؟ مەگەر ئەوانیش وەک کوردستان خاوەنی پارێزگا و شار و دامەزراوە و ژێرخانی ئابووری و مەدەنی نین؟ بۆیە بە هەر بارێکدا لێکی بدەینەوە، ئەم هێرشە نەک تەنیا شەڕێکی ئاشکرایە دژی کوردستان، بەڵکوو هەوڵی دروستکردنی گێرەشێوێنیشە لە ناوخۆی کوردستاندا، بۆیە من لەم چرکەساتەدا ژیرانەترین کار بە یەکگرتوویی و یەکڕیزی ماڵی کورد دەزانم و حەق نییە هیچ پەیج و لایەنێکش دەست بۆ لایەنی ناوخۆیی درێژ بکات و کورد بە شەڕی ناوماڵی خۆیەوە سەرقاڵ بکات، چونکە ئەمە لە بەرژەوەندی گەلی کوردستاندا نییە و هەر کەسێکیش ناپاکی کردبێت، لە پلەی یەکەمدا هەر بەغدا لێی بەرپرسیارە.

بەغدایەک دوای 22 ساڵ لە ڕووخانی سەدام هێشتا کێشەی چوار پەڵە زەویی کورد لە کەرکووک کە هی خۆیانە، لەگەڵ عەرەبێکی هاوردە یەکلا نەکاتەوە، ڕەوایە ئێمە خەریکی دەمەقاڵەی ناوخۆیی بین و دوژمن و بەرهەڵستکارە سەرەکییەکە لە بیر بکەین؟. هیوادارم هەم شەقامی کوردی (تا ئێستە بە گەورەیی و سینگفراوانییەوە جووڵاونەتەوە و لە پاڵ حکوومەتەکەیان وەستاون)، هەم لایەنی دەسەڵاتیش لە هەرێم زیاتر لە جاران مکوڕ بن بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم دۆسیە، بە ئاشکراکردنی ناوی بکەر و هاندەرانیان و دەرکردنی توندترین سزا بۆیان، تا ئیدی دووپاتە نەبێتەوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *