جوتیار کەمال جەبار
لە هەرێمی کوردستان، “قەیرانی دارایی، نەبوونی توانا، یان سستیی دامەزراوەکان” ، بزانە کە دەسەڵات خەریکی داپۆشینی ڕێکخراوترین سیستەمی تاڵانکارییە لە مێژوودا! لێرە، حکومەت هەرگیز دانەهێماوە و فەشەلی نەهێناوە؛ بەڵکو “دروستکردنی حکومەتێک کە تەنها بۆ خزمەتی بەرپرسان کار بکات و هاوڵاتی بڕووتێنێتەوە” خۆی لە خۆیدا گەورەترین ستراتیژی و شێوازی حوکمڕانیی پارتی و یەکێتییە. ئەوان فێربوون کە باشترین ڕێگە بۆ مانەوە لە لوتکەی دەسەڵاتدا، “بنیاتنانی سیستەمێکە کە تێیدا باجکێشان و کۆکردنەوەی داهات وەک سەعات کار بکات، بەڵام پێدانی ماف و خزمەتگوزاری هەمیشە پەکخرابێت”. بۆیە دەبینین هەموو شتێک لە بەرژەوەندیی حیزب لێرە نموونەییە، لە کۆنترۆڵی ئەمنییەوە بگرە تا دەگاتە سیستەمی باج و سەرانە!
با سەیری ئەم “فەشەلە درۆینەیە” بکەین. بۆچی کاتێک هاوڵاتییەک پێویستی بە نەخۆشخانەیە، دەڵێن حکومەت پارەی نییە، بەڵام کاتێک حکومەت دەیەوێت باجی لێ وەربگرێت، سیستەمەکە لە چرکەیەکدا ئامادەیە و بە وردی پارەکەی لێ دەسەنێت؟ ئایا لەبەر ئەوەیە کە تەکنەلۆژیامان نییە؟ نەخێر، ڕۆژانە ملیۆنان دۆلار لە ڕێگەی سیستەمە ئەلیکترۆنییەکانی باج و پڕۆژەکانی وەک “هەژماری من” و کامێراکانی “پۆینت تو پۆینت”ەوە دەڕژێتە گیرفانی کۆمپانیا حیزبییەکانەوە. “ڕێکخستنی سیستەمی داهات بۆ تاڵانکردنی گیرفانی خەڵک” باشترین چەکە بۆ ئەوەی حکومەت سامانی کۆمەڵگا بمژێت، بەبێ ئەوەی یەک دۆلار وەک خزمەتگوزاری بگەڕێنێتەوە بۆ هاوڵاتی. کاتێک تۆ دەزگایەکی باجکێشانت هەیە کە بە خێرایی تیشک کار دەکات، بەڵام دەزگای دابەشکردنی مووچەت هەمیشە “کێشەی تەکنیکی” هەیە، ئیتر دەبێت تێبگەیت کە حکومەت فەشەلی نەهێناوە، بەڵکو زۆر بە سەرکەوتوویی بەرنامەی دزیکردنی جێبەجێ کردووە!
هەمان سیاسەت لە پاراستنی دەسەڵات و هێزە ئەمنییەکانیشدا جێبەجێ دەکرێت. ئەگەر گەنجێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕەخنەیەک بگرێت، دەزگا ئەمنییەکان وەک سوپایەکی مۆدێرن لە چەند کاتژمێرێکدا دەیدۆزنەوە و دەیڕفێنن؛ بەڵام کاتێک باس دێتە سەر دۆزینەوەی بکوژانی ڕۆژنامەنووسان یان قاچاخچییەکانی دەروازە سنوورییەکان، دەزگا ئەمنییەکان کوێر و کەڕ دەبن! ئەوان ئەم “هێزە تۆکمەیە” بەکاردهێنن نەک بۆ پاراستنی هاوڵاتی، بەڵکو وەک دەرفەتێک بۆ “پاراستنی سیستەمی تاڵانکاری” و درێژەدان بە مانەوەیان لەسەر کورسییەکان. کاتێک تۆ سوپایەکت هەیە تەنها بۆ پاسەوانیی ڤێلاکان و سەرکوتکردنی خۆپیشاندان کار دەکات، ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە دەوڵەتەکەت زۆر بە باشی ئیش دەکات، بەڵام بۆ پاراستنی مافیاکان!
تەنانەت کاتێک باس لە “داهاتی ناوخۆ و نەوت” دەکرێت، سیستەمی هەناردەکردن و فرۆشتنی قاچاخی نەوت بە تەنکەر بە شێوەیەکی ئەوەندە ڕێکخراو کار دەکات کە وڵاتانی پێشکەوتووش سەریان سوڕ دەمێنێت. کێشەکە ئەوە نییە کە حکومەت نازانێت داهات کۆبکاتەوە؛ کێشەکە ئەوەیە کە تەنها ئەو بۆرییانە داخراون کە ئاو بۆ ماڵەکان دەگوازنەوە، بەڵام ئەو بۆرییانەی پارە بۆ خەزێنەی حیزب دەگوازنەوە، بیست و چوار کاتژمێر کراوەن!
“کاتێک حکومەت لە هەموو شتێکدا بەهێز بێت جگە لە خزمەتکردنی گەلەکەی، ئەوە ئیتر حکومەت نییە، بەڵکو دەستەیەکی چەتەیە کە یاسایان کڕیوە.” ئەمڕۆ کابینەکەی مەسرور بارزانی و دەسەڵاتی یەکێتیش بە زەبری “سیستەمێکی نموونەیی بۆ تاڵانکاری” دەیانەوێت نیشتمان بڕووتێننەوە و کەرامەتی خەڵک بشکێنن.















Leave a Reply