چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە هەوڵی رازیكردنی موقتەدا سەدر بەردەوامە

بینەر: (1.7K)

لە هەڵبژاردنی 11ی ئەم مانگەی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق دەركەوت كە سەدرییەكان كاریگەرییەكی باشیان لەسەر دەنگە ناڕازییەكان، بەتایبەتی لە ناو ماڵی شیعەدا هەیە، جیا لەوە پەیامەكانی سەدر تا ئێستەش مایەی نیگەرانی و سەرئێشەن بۆ شیعەی نزیك لە ئێران، بۆیە ئەوان هەموو هەوڵێكیان داوە و دەیدەن بۆ خۆنزیككردنەوە لە سەدر بۆ رێگرتن لە هەر پەرچەكردارێك بەرانبەر پێكهێنانی حكوومەتەكەیان و بەردەوامبوونی.

سەرچاوەیەكی ئاگەدار ئاشكرای كرد كە دوێنێ چوارچێوەی هاوئاهەنگی یەكەم هەوڵی لەگەڵ رەوتی نیشتمانی سەدر دا بۆ پێوەندیكردن لەگەڵ موقتەدا سەدر و ئاگەداركردنەوەی لە رێوشوێنەكانی چوارچێوە بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ، بەڵام تا ئێستە هیچ ئاماژەیەكی ئەرێنی لە لایەن سەدرەوە بۆ ئەوان نەهاتووە.

زیاتر هاتووە، كەسایەتییەكی حكوومەتی ناسراو بە بوونی پێوەندیی باش لەگەڵ رەوتی نیشتمانیی شیعە بەو بابەتە هەستاوە، راستەوخۆ لەگەڵ سەركردەكانی هێڵی دووەمی رەوتی سەدر كۆ بووەتەوە بۆ گەیشتن بە میكانیزمێك بۆ دیاریكردنی وادەیەك بۆ كۆبوونەوەی نێردراوی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە سەدر، بەڵام پێ دەچێت ئەركەكە سەختە و بابەتەكە تەنیا بە بڕیاری خودی سەدرە بەستراوەتەوە.

لە دوای كۆتاهاتنی هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق، هەفتەی رابردوو سەرچاوەیەك لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئاشكرای كرد كە هێزەكانی چوارچێوەكە وا رێككەوتوون نوێنەرێك دیاری بكەن بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ موقتەدا سەدر سەرۆكی رەوتی نیشتمانیی شیعە و ئاگەداركردنەوەی لە هەوڵەكانی پێكهێنانی گەورەترین بارستە و حكوومەتی نوێی عێراق، هاوكات بۆ زانینی هەڵوێستی ئەو و داواكارییەكانی بۆ قۆناغی داهاتوو.

بەپێی سەرچاوەكە ئەو نوێنەری چوارچێوە لای تەواوی هێزەكانی چوارچێوە و سەدریش قبووڵكراوە و دوای راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی دەنگدان و پەسندكردنی بە فەرمی دەچێتە حەنانە بارەگەی موقتەدا سەدر لە نەجەف بۆ وەرگرتنی رەزامەندیی ئەویش.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *