هاوكات لەگەڵ تەواوبوونی تاوتوێكردنی تانەكان لە ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق كە لە 11ی مانگی تشرینی دووەمی رابردوو هاتە سازكردن، بڕیارە سبەی دووشەم چوارچێوەی هاوئاهەنگی كۆ ببێتەوە و بەپێی سەرچاوەكان نووسراوێكی 10 بڕگەیی بۆ دیاریكردنی شێوەی حكوومەتی نوێ تاوتوێ دەكات.
سەرچاوەكە گوتی، بڕیارە سبەی دووشەم هێزەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی كۆبوونەوەی هەفتانەی خۆیان ساز بكەن، بۆ تەواوكردنی مەرج و داواكارییەكانی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ و رێككەوتن لەسەر دواین دەق و رەوانەكردنی بۆ هاوبەشانیان لە پرۆسەی سیاسی، بەمەبەستی پێكهێنانی حكوومەتێكی بەهێز و لە چوارچێوەی نەریتی سیاسی بۆ پێكهێنانی هەرسێ سەرۆكایەتی.
بەپێی سەرچاوەكە لە كۆبوونەوەی سبەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی ناسنامەی كاندیدی سەرۆك وەزیران یەكلا دەكرێتەوە، بەڵام ناوەكەی نایەتە راگەیاندن تا كاتی دیاریكردنی كاندیدانی سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆك كۆمار، ئەو نووسراوەی سبەی چوارچێوە تاوتوێی دەكات لە 10 بڕگە پێك هاتووە پێوەست بە دواڕۆژ و شێوەی حكوومەتی نوێ و ستراتیجیەت و بەرنامە حكوومەتییەكەی بۆ چوار ساڵی داهاتوو.
لە ماوەی دوایی عودەی عەبدولهادی ئەندامی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دووپاتی كردەوە كە دووشەم هێزەكانی چوارچێوە كۆبوونەوەیەكی گرنگ ساز دەكەن، باسی پێنج دۆسیەی گرنگ پێوەست بە هەردوو بواری ناوخۆیی و دەرەوە دەكەن.
روونی كردەوە، دووشەمی داهاتوو چوارچێوەی هاوئاهەنگی كۆبوونەوەیەكی گرنگ بۆ باسكردنی چەند دۆسیەیەك ساز دەكات، لەوانە ئەو بڕیارەی بەم دواییە لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی هاتە بڵاوكردنەوە و ئەو كاردانەوانەی لە رای گشتی بەدوای خۆیدا هێنا، جیا لە چاوخشاندن بە ئەنجامی لێكۆڵینەوە كە حكوومەت لەبارەی بابەتەكە دەستی پێ كرد.
دووپاتی كردەوە، هەر لە كۆبوونەوەكە چوارچێوەی هاوئاهەنگی باسی پەرەسەندنەكانی پرۆسەی هەڵبژاردن دەكرێت، باسی گفتوگۆ لەگەڵ هێزە سیاسییەكان و دۆسیەكانی ناوخۆیی و دەرەكی دەكرێت.
















Leave a Reply