هێزە سوننەكان لە ماڵی خەمیس خەنجەر كۆدەبنەوە

بینەر: (1.1K)

ئەمڕۆ یەكشەم هێزە سوننە براوەكان لە ماڵی خەمیس خەنجەر سەرۆكی هاوپەیمانی سیادە دەستیان بە كۆبوونەوە كردووە بۆ باسكردنی دۆخی دوای هەڵبژاردن و چۆنیەتی دابەشكردنی بەركەوتەی هەڵبژاردن و مەرج و داواكاریی سوننە، لەو كۆبوونەوە هەریەك لە محەمەد حەلبووسی سەرۆكی حزبی تەقەدوم و موسەنا سامەرایی سەرۆكی هاوپەیمانی عەزم و سابت عەباسی سەرۆكی هاوپەیمانی حەسم ئامادەی بوون.

دوێنێ شەموو خەمیس خەنجەر سەرۆكی هاوپەیمانی سیادە داوای لە هێزە براوە سوننەكان كرد بۆ كۆ بوونەوە و تاوتوێكردنی دۆخی سیاسی و دوای هەڵبژاردن و بەركەوتەی پێكهاتەی سوننە و داواكارییەكانی، لەوانە دیاریكردنی كاندیدی سەرۆكی پەرلەمان و بۆستەكانی تریش.

ئەگەرچی هێشتا ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق پەسند نەكراوە، لەئێستەوە چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە دەستی بە گفتوگۆ لە ناوەخۆ و لەگەڵ پێكهاتەكانی تر كردووە بۆ پەلەكردنی لە دیاریكردنی كاندیدانیان و تێپەڕكردنیان بە یەك پاكێج لە پەرلەمان، نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا كە لە لایەن چوارچێوەكەوە بۆ گفتوگۆكردن راسپێردراوە، لە بەغدا لەگەڵ سوننە و لە هەولێر لەگەڵ كورد كۆبووەتەوە.

شایەنی باسە لە هەڵبژاردنی 2021 بەر لە پێكهێنانی حكوومەت، هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت هاتە دامەزراندن و رێككەوتن لەسەر نووسراوێكی سیاسی كرا كە تیایدا داواكارییەكانی سوننە و كورد جێگیر كران، ئەگەرچی دوای پێكهاتنی حكوومەتەكە لە لایەن شیعەوە زۆرێك لەو داواكارییانە پشتگوێ خران.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *