بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل دووپاتی كردەوە كە پێشبینی دەكەن بەمنزیكانە دەست بە جێبەجێكردنی دووەم قۆناغی پلانەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بۆ غەزە بكرێت، ئەوەش دوای گەڕانەوەی تەرمی دوایین بارمتەی ئیسرائیلی لای حەماس.
نەتنیاهۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ فریدریش میرتس راوێژكاری ئەڵمانیا گوتی، لە ماوەی ئەم مانگە لەگەڵ سەرۆك ترەمپ باسی چۆنیەتیی كۆتاهێنان بە دەسەڵاتی حەماس لە غەزە دەكەین، دووپاتی لەوە كردەوە كە جێبەجێكردنی دووەم قۆناغی پلانەكەی ترەمپ بۆ غەزە ئاسان نابێت، بەڵام رێگەیەك هەیە بۆ گەیشتن بە ئاشتی لەگەڵ فەلەستینییەكان.
دوای جێبەجێكردنی یەكەم قۆناغی رێككەوتنی ئاشتی لە كەرتی غەزە لەسەر بنەمای پلانی سەرۆكی ئەمەریكا، كە بارمتە و گیراوەكانی ئیسرائیلی و حەماس ئاڵوگۆڕ كران، بڕیارە قۆناغی دووەمی رێككەوتنەكە بەڕێوە بچێت، كە لە چەند خاڵێك پێك هاتووە و هێشتا بە وردی رانەگەیەندراوە.
لەو ناوەدا ئیدارەی ئەمەریكا بە نیازە شێوازی فەرمانڕەوایەتیی غەزە لە دوای قۆناغی شەڕ و یەكەم قۆناغی ئاگربەست رابگەیەنێت، لەو فەرمانڕەوایەتییەدا هەریەك لە گارید كۆشنەر زاوای دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا و ستیڤ ویتكۆف و تۆنی بلێر سەرۆك وەزیرانی پێشووتری بەریتانیا رۆڵی گەورەیان دەبێت، ئەوان دەبنە ئەنجوومەنی جێبەجێكاری غەزە و لەژێر سەرپەرشتیی “ئەنجوومەنی ئاشتی”، بە سەرۆكایەتیی ترەمپ كار دەكەن، لە چوارچێوەی پلانێكی ئەمەریكی كە بەر لە سەری ساڵ دێتە راگەیاندن.
بەرپرسێكی رۆژئاوایی بە ماڵپەڕی “ئەكسیۆس”ی گوت، پلانەكە بەباشی بەڕێوە دەچێت و بەمنزیكانە دێتە راگەیاندن، بەڵام بابەتەكە دەوەستێتە سەر ئاخۆ حەماس ئامادەیە دەستبەرداری چەك ببێت و رێگە بە دەسەڵاتی نوێ دەدات بێ دەستوەردان كارەكانی بەڕێوە ببات، هاوكات گفتوگۆیەكی نێودەوڵەتی لەبارەی پێكهێنانی هێزێكی سەربازیی نێودەوڵەتی هەیە كە لە كەرتی غەزە بڵاو دەكرێتەوە.
















Leave a Reply