“موجتەبا ئەركی رێبەرایەتی بەجێ ناگەیەنێت و ململانێی توند لەسەر دەسەڵات هەیە”

بینەر: (20)

لە یەكەم هێرشی هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، كۆبوونەوەیەكی عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئەو وڵاتە و پۆلێك لە فەرماندە باڵاكانی سوپای پاسداران كرایە ئامانج، زۆرینەیان كوژران و موجتەبا خامنەیی بریندار بوو، كە دوای چەند رۆژێك وەك رابەری نوێ دیاری كرا، تا ئێستە كەس لەبارەی تەندروستی و مان و نەمانی نازانێت، ماڵپەڕێكی ئیسرائیلی پێی وایە موجتەبا تەنیا ناوە و ململانێیەكی توند لەسەر دەسەڵات هەیە.

لە لێدوانەكانی بەرپرسانی ئێران دیارە كە دوو ئاراستە لە بیركردنەوە و بڕیاردان هەیە، سوپای پاسداران و پارێزگاران لە لایەك و ریفۆرمخوازەكان لە لایەكی ترەوە، ماڵپەڕی “والا”ی ئیسرائیلی لە چەند سەرچاوەیەكی گواستەوە كە موجتەبا خامنەیی رابەری ئێران، لە دوای برینداربوونی ئەركەكانی وەك رابەر بەجێ ناگەیەنێت، لەوكاتەی ململانێیەكی توند لە نێوان مەسعوود پزیشكیان سەرۆكی ئێران و توندڕۆكان لەسەر دەسەڵات هەیە.

روونی كردەوە، لەگەڵ زیادبوونی جیاوازیی بۆچوون لە نێوان پزیشكیان و توندڕۆكان، ململانێی دەسەڵات لە تاران زیاتر بووە، كاتێك یەكەمیان هەوڵی سوودبینین لە دۆخەكە و هەلەكانی رێككەوتن دەدات و ئەوانیتر بەردەوامیدان بە شەڕ، ئەوە لەوكاتەی سوپای ئیسرائیل خۆی بۆ كوشتنی ئەفسەرانی تری باڵای ئێران ئامادە كردووە و هەوڵی دۆزینەوەی حەشارگەكانیان دەدات.

لەوكاتەی ماڵپەڕەكە ئاماژە دەكات كە ئەوەی دێتە راگەیاندن، تەواوی ئەوە نییە كە لە ئۆپراسیۆنەكان ئەنجام دەدرێت، وەك ئاماژەیەك بۆ چڕیی هەوڵ و بۆردمانەكان، رۆژنامەی “هائارتس”ی ئیسرائیلی لەسەر زاری دیپلۆماتكارێك دووپاتی كردەوە كە ئاماژەكان بەو ئاراستەیەن كە ئێستە لە ئێران ئەحمەد وەحیدی فەرماندەی سوپای پاسداران خاوەن بڕیاری كردەنییە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *