محەمەد ئیسماعیل: بەبێ چارەسەركردنی پرسی كورد هیچ سەقامگیرییەك لە سووریا و ناوچەكەدا بەدی نایەت

بینەر: (1.5K)

محەمەد ئیسماعیل سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا رای گەیاند: بە بێ بەشداریی كورد لە دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردن، سەقامگیری لە سووریا و ناوچەكەش بەدی نایەت.

محەمەد ئیسماعیل سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا كە هاوسەرۆكی شاندنی دانوستانی كوردە لەگەڵ حكوومەتی دیمەشق رای گەیاند: شاندی دانوستانی كورد لە كۆنگرەی یەكێتیی ریزەكانی كورد پێكهێنراوە. شاندەكە نوێنەرایەتیی راستەقینەی كورد دەكات لە سووریا، پشتگوێخستن و پەراوێزخستنی لەلایەن دیمەشقەوە، بێ بایەخ سەیركردنی كوردە بۆ پێكهاتەیەكی سەرەكی گەلی سووریا.

ئاماژەی بەوە كرد، تا ئێستە دانوستان لەسەر داواكاری و مافەكانی كورد لەگەڵ دیمەشق دەستی پێ نەكردووە، ئێمە لای خۆمانەوە دەستی دانوستان و گفتوگۆ و كۆبوونەوەمان درێژ كردووە، خۆمان وەك ئۆپۆزسیۆنی دەسەڵات نەناساندووە، چونكە لە بەرژەوەندیی كەس و سووریاش نییە كورد وەك ئۆپۆزسیۆنی دەسەڵاتی ئێستەی سووریا بناسێنرێت، بەڵام رژێمی ئێستە بایەخێكی ئەوتۆی بەو پرسە نەداوە.

سەرۆكی ئەنەكەسە ئاماژەی بەوە كرد، داواكارییەكی كورد لە دیمەشق خۆی دەبینێتەوە لە بەشداریی كورد لە دەسەڵاتەكانی یاسادانان و جێبەجێكردن، چارەسەری كێشەی كورد، رێككەوتنێكی تایبەت لەگەڵیاندا ئەنجام بدرێت، چونكە نوێنەرایەتیی پێكهاتەیەك دەكەن كە تایبەتمەندییەكانی خۆی هەیە، بەبێ چارەسەركردنی پرسی كورد، ناتوانرێت هیچ سەقامگیرییەك لە سووریا و ناوچەكەدا بەدی بهێنرێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *