دوای ئەوەی لە 11ی ئەم مانگە ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق هاتە راگەیاندن، چوارچێوە خۆی بۆ وەك گەوەرترین كاندیدی پەرلەمان بۆ دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران راگەیاند، هاوكات نووری مالیكی سەرپشك كردووە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ سوننە و كورد بۆ دیاریكردنی كاندیدانیان بە خێرایی بۆ پۆستە باڵاكان و تێپەڕاندنیان لە پەرلەمان بە یەك دەستەوارە.
بەر لە هاتنی بۆ هەولێر، نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لەگەڵ سەرانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی كۆبووەوە، جیا لە كۆبوونەوەی لەگەڵ سوننە، ئەمڕۆش چاوی بە سەرۆك بارزانی كەوت، بەپێی سەرچاوەكان مالیكی لە لایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە دەسەڵاتی پێ دراوە بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی گفتوگۆ بۆ دیاریكردنی كاندیدی هەرسێ سەرۆكایەتیی عێراق، لەوانەش دیاریكردنی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران و ئەو كەسێكی دیاری كردووە.
هەر بە پێی سەرچاوەكان كاندیدی مالیكی بۆ پۆستەكە پێش كاندیدەكانی تر كەوتووەتەوە و دەبێت پابەندی مەرجەكانی چوارچێوە كە بۆی دیاری كراوە ببێت، هەرچی راگەیاندنی ئەمڕۆی حزبی دەعوەیە بۆ كاندیدكردنی مالیكی بۆ پۆستی سەرۆكی حكوومەت، تەنیا بۆ بەهێزكردنی پێگەی ئەوە لە گفتوگۆكانی و پاڵپشتیكردنی كاندیدی ئەوە بۆ پۆستەكە، راسپاردنیشی لە دوای دەستبەرداربوونیەتی لە خۆكاندیدكردن بۆ كەسێكی قبووڵكراوتر كە رەنگە لە دەرەوەی حزبی دەعوە بێت، بەڵام كۆدەنگی شیعەی لەسەر بێت.
بەپێی سەرچاوەكان هاتنی مالیكی بۆ هەولێر و كۆبوونەوەی لەگەڵ سەركردەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گفتوگۆكردنە لەسەر هەرسێ سەرۆكایەتیی عێراق، واتە سەرۆك كۆمار و سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی حكوومەت، چونكە راگەیاندنی ناوی كاندیدی سەرۆك وەزیران تا سازان و رێككەوتنی هێزە كوردی و سوننەكان لەسەر كاندیدانیان بۆ پۆستەكانیتر نایەتە راگەیاندن، سەرچاوەكان دووپاتی دەكەنەوە كاندیدی شیعە كە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران دیاری كراوە، كەسێكە لە لایەن كورد و سوننە قبووڵ كراوە و لای واشنتن و تاران هەستیاری بەرانبەر نییە، ئەوەش وا دەكات ببێتە بژارەیەكی سازان و قبووڵكراو لە ناوخۆ و ناوچەكە و دنیا، بەڵام هێشتا دۆخەكە ئەگەری گۆڕانكاریی كتوپڕی لە دوا ساتەكان هەیە.
















Leave a Reply