دوای ئەوەی جەهەپە رای گەیاند، بەشداریی كۆبوونەوەكەی ئیمراڵی ناكەن، سەرۆكی پێشووی حزبەكە بە توندی ڕەخنەی لە سەركردایەتیی ئێستەی حزبەكەی گرت و گوتی، پێویست بوو جەهەپە خاوەنداری هەر هەناوێك بكات كە ئاشتی سەر دەخات.
كەمال كڵچدارئۆغڵو سەرۆكی پێشووی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) رای گەیاند، جەهەپەی ئێستە تێناگەن ئەگەر دژی پرۆسەكە و گفتوگۆ لەگەڵ ئۆجەلان بوەستنەوە، بەجێ دەمێنن و زیانی گەورەیان بەردەكەوێت، چونكە گەل ئاشتی دەوێت.
كڵچدارئۆغڵو گوتی، “پێویست بوو جەهەپە بەشداریی بكردایە، چونكە ئەو پرۆسەیەی كە ئێستە بەڕێوە دەچێت، پرۆسەی برایەتی و یەكڕیزییە، نابێت جەهەپە لە پرۆسەیەكی نیشتمانیی لەو جۆرە پاشكۆ بێت یان خۆی لێی بەدوور بگرێت.”
كڵچدارئۆغڵو دووپاتیشی كردەوە، ئەو پرۆسەیە 100 ساڵە خەڵكی وڵاتەكە چاوەڕێی دەكەن، ئەگەر تۆ هەنگاو دژی هەڵگری بەر نەفرەتی خەڵك دەكەویت و پەراوێز دەخرێیت.
پرۆسەی ئاشتی لە توركیا بەجۆرێك كەوتووەتە سەر زاران هیچ حزبێك ناوێرێت لەبەر لایەنگر و دەنگدەرانی دژی بێت.
بەشی زۆری حزبەكان باوەڕیان بەگفتوگۆ لەگەڵ ئۆجەلان نییە، بەڵام بەهۆی ئەوەی پرۆسەكە لە شەقام پشتگیری دەكرێت، حزبەكانی ناچار كردووە نەرمی بنوێنن.
جەهەپە 11 ئەندامی لەناو كۆمسیۆنەكەی ئاشتیی پەرلەمانی توركیادا هەیە، بەڵام ئامادە نەبوو هیچ كام لە ئەندامەكانی ببنە ئەندامی ئەو شاندەی بڕیارە سەردانی عەبدوڵَا ئۆجەلان بكات.
ڕۆژی هەینی 21ـی تشرینی دووەم، كۆمسیۆنەكەی پەرلەمانی توركیا بڕیاری دا سەردانی دوورگەی ئیمراڵی بكات و ئەم هەفتەیە لەگەڵ عەبدوڵَا ئۆجەلان كۆ ببێتەوە.
















Leave a Reply