لە ماوەی رابردوو پارتی كرێكارانی كوردستان كشانەوەی هیبَزەكانی لە خاكی توركیا بەرەو قەندیل راگەیاند، ئەوەش بە هەنگاوێكی ئەرێنی لە كاروانی ئاشتی لە توركیا وەسف كرا و دوێنێش كشانەوەی لە ناوچەی زاپ راگەیاند، ئەمڕۆ هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا دووپاتی كردەوە كە رێگە نادەن بە بوونی هەڕەشە لەسەر ئاسایشی توركیا لە خاكی سووریاوە، بەتایبەتی لە لایەن پەكەكەوە.
فیدان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانی ئاماژەی كرد كە وڵاتەكەی رێگە بە بوونی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی لە خاكی سووریاوە نادات، بەتایبەتی لە لایەن پەكەكە و لقەكانی، هاوكات هەوڵەكانی توركیا بۆ بەهێزكردنی توانای سەربازیی سووریا بۆ رووڕووبوونەوەی تیرۆر بووەتە كارێكی رێكخراو و تا ئێستە سووریا گرنگی لەپێشینەی لە سیاسەتی دەرەوەی توركیا هەیە.
روونی كردەوە، رێگە بە بوونی ژینگەیەك كە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نەتەوەییمان بكات لە سووریا نادەین، ئێستە پێشوەچوونێكی گەورە لە یەكخستنەوەی سووریا لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە، ئەوەش بەهۆی هەوڵەكانی توركیا لە چەند مانگی رابردوو، بۆیە چەسپاندنی ئاسایش لە سووریا دەبێت لەسەر بنەمای پاراستنی یەكێتی و سەلامەتیی خاكەكەی و پاككردنەوەی لە گرووپە تیرۆریستەكان بێت لە پەكەكە و داعش.
شایەنی باسە دوای ئەوەی لە كۆتایی ساڵی رابردوو پرۆسەی ئاشتیی لە توركیا دەستی پێ كرد، پەكەكە لە مانگی ئایاری رابردوو دانانی چەك و خۆهەڵوەشاندنەوەی لەسەر داوایەكی عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری گیراوی راگەیاند، بەم دوایەش بۆ رێگرتن لە دروستبوونی شەڕ لەگەڵ سوپای توركیا كشانەوەی تەواوەتی لە توركیا بەرەو قەندیل راگەیاند و داوای لە توركیا كرد پابەندییە یاساییەكانی لە چوارچێوەی رێككەوتنی ئاشتی جێبەجێ بكات، دوێنێش كشانەوەی لە ناوچەی زاپ راگەیاند.















Leave a Reply