فڕۆكە جەنگییەكان ئاسمانی عێراقیان تەنیوە.. چی روودەدات؟

بینەر: (1.4K)

دوو رۆژە فڕۆكەی نەناسراوی جەنگی بە چڕی بە ئاسمانی عێراق دەسووڕێنەوە، لەوانە بە ئاسمانی پارێزگای میسان لە باشوور، لە ناو بوونی لێكدانەوەی جیاجیا بۆ ئەو هەڵفڕینەی فڕۆكە جەنگییەكان، بەغدا دەڵێت فڕۆكەكان عێراقین و مەشق دەكەن، ئێران و شارەزایانیش گێڕانەوەیەكی تریان بۆ سووڕانەوەی ئەو فڕۆكانە هەیە.

دوێنێ و ئەمڕۆ فڕۆكە جەنگییەكان بە ئاسمانی عێراق سنووری دەنگ دەبڕن و دەنگێكی بەهێز دەردەكەن، خەڵكەكە هەست بەوە دەكات هەڵفڕینی ئەو فڕۆكانە ئاسایی نین، واتە لە رووەكانی كات و خێراییەوە، سەرچاوە تەناهییەكانی عێراق دەڵێن هەڵفڕینی هیچ فڕۆكەیەكی نەناسراویان تۆمار نەكردووە، ئەوەی هەیە فڕۆكەی عێراقین و مەشق دەكەن، بەڵام روونیان نەكردەوە بۆچی بەو شێوەیە دەسووڕێنەوە.

ئەوە لەوكاتەی میدیاكانی ئێرانی سەر بە سوپای پاسداران باسی ئەوەیان كرد كە ئەو فڕۆكانە ئەمەریكین و لە نزیك سنوورەكانی ئێران بە ئاسمان دەسووڕێنەوە، تەنانەت سەكۆی “قودس”، باسی ئەوەی كرد كە فڕۆكەكان ئیسرائیلین، ئەگەرچی هیچ بەڵگەیەكی وێنەیی نییە، بەڵام ئەو باسكردنەی میدیاكانی ئێران بۆ هەڵفڕینی فڕۆكەی نەناسراو بە ئاسمانی میسان پرسیاری دروست كردووە.

ئەمڕۆ دۆخەكە زیاتر ئاڵۆز بوو كاتێك بەشێك لە میدیاكانی ئێران دووپاتیان كردەوە كە لە سەعات 10:30ی بەیانی ئەمڕۆ فڕۆكەیەكی سەربازیی ئەمەریكی ئاسمانی تارانی پایەتەختی بڕٍیوە و لە چەند ناوچەیەكی پایەتەخت دەنگی بیستراوە، ئەگەرچی سوپای ئێران رای گەیاند كە فڕۆكەكە ئێرانییە، لایەنی فەرمیی ئەو وڵاتە روونكردنەوەی هۆكاری هەڵفڕینیان رەت كردەوە، هەرچی لێكدانەوەی لایەنە نێودەوڵەتییەكانە، باسی ئەوە دەكەن كە فڕۆكەی نەناسراو بە ئاسمانی میسان بینراون.

ئەو قسانە هاوكاتن لەگەڵ لێكدانەوەی شرۆڤەكار و شارەزایانی سەربازی، لەوانە ئەحمەد شەریفی شارەزای ستراتیجی و سەربازی بەوەی هەڵفڕینی ئەو فڕۆكانە رەنگە ئاماژەیەك بن بۆ نزیكبوونەوەی هێرشێكی تری ئیسرائیل بۆ سەر ئێران یان عێراق، ئەوەش دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوو بەرپرسێكی باڵای سەربازیی حزبوڵای لە لبنان كوشت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *