عێراق لە نێوان گوشارەكانی ئێران و ئەمەریكا هەوڵ دەدات وا خۆی پێشان بدا كە هاوسەنگی لە نێوانیان لە پێدانی هەلی وەبەرهێنان و بازرگانی و بوارەكانیتر دروست دەكات، ئەوەش بۆ كەمكردنەوەی گوشارەكان و هێوركردنەوەی دۆخەكە، وەزارەتی نەوتی عێراق داوا لە كۆمپانیا نەوتییە ئەمەریكییەكان دەكات بۆ كێبەركێكردن بۆ ئیدارەدانی دووەم كێڵگەی نەوتی رۆژئاوای قورنە لە بەسرە.
ئەمڕۆ دووشەم وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند، رێوشوێنە یاساییەكان وەرگیراون بۆ ئاراستەكردنی داوای راستەوخۆ بۆ ژمارەیەك كۆمپانیای گەورەی نەوتی ئەمەریكی و چوونە ناو گفتوگۆ لەگەڵیان بۆ پێشكەشكردنی تەندەرەكانیان و كێبەركێكردن لە نێوانیان بەمەبەستی وەرگرتنی ئیدارەی دووەم كێڵگەی نەوتیی رۆژئاوای قورنە.
روونی كردەوە، ئیدارەدانی ئەو كێڵگە نەوتییە لە لایەن كۆمپانیایەكی نەوتیی ئەمەریكی، خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی هەردوولا دەكات و سەقامگیریی بازاڕی دنیا زیاتر دەكات و مسۆگەری بەردەوامبوونی پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق و پشكەكەی لە بازاڕ و سەرچاوەی داهاتی دەوڵەت دەكات، هەروەها پێوەندیی هاوبەشی ئابووری لە نێوان عێراق و ئەمەریكا بەهێز دەكات و تەكنۆلۆجیای نوێ دێتە عێراق و هەردوو وڵات سوود دەكەن.
















Leave a Reply