شارەزایەك: كۆرمۆر دەتوانێت لە ماوەی ساڵێك پێویستیی غازی هەموو عێراق دابین بكات

بینەر: (912)

لە شەوی 26 لەسەر 26ی مانگی تشرینی دووەمی رابردوو بە درۆن هێرش كرایە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر لە چەمچەماڵ، زیان بەر كێڵگەكە كەوت و بووە هۆی بڕانی كارەبا لەسەر هەرێمی كوردستان و چەند پارێزگایەكی عێراق، شارەزایەك ئاماژە دەكات كە زیانی رۆژێكی وەستانی كۆرمۆر زیاتر لە حەوت ملیۆن دۆلارە.

كازم یاوەر توێژەر لە سیاسەتە ستراتیجییەكان ئاماژە دەكات، هێرشە بەردەوامەكان بۆ سەر كۆرمۆر بووەتە دۆسەیەكی ئابووری و سیاسی زۆر گەوەرتر لە تەنیا هێرشێكی ئاسایی، زیانی وەستانی كێڵگەكە تەنیا بۆ یەك رۆژ زیاتر لە حەوت ملیۆن دۆلارە، ئەوەش كار لە گەنجینەی دەوڵەت و تۆڕی وزە و بازاڕ دەكات.

روونی كردەوە، لەگەڵ هەر وەستانێكی بەرهەمهێنانی غاز لەو كێڵگەیە، عێراق ناچار دەبێت غاز لە ئێران و توركیا هاوردە بكات، كە تێچووی هاوردەكردنی ملیۆنێك مەتر سێجا غاز زۆر لەوەی لە ناوخۆ بەرهەم دێت زیاترە، واتە هەر هێرشێك بۆ سەر كێڵگەكە تێچووەكەی لەسەر دەوڵەت و هاووڵاتییان زیاتر دەكات، زیانەكەش تەنیا لە وەستانی رۆیشتنی غاز بۆ وێستگەكانی كارەبا نییە، بەڵكو غازی شلی ماڵانیش دەگرێتەوە، كە بۆ پارێزگاكانی هەرێم و هەندێك پارێزگای عێراقیش دابین دەكرێت.

یاوەر ئاماژە دەكات، خەرجی كڕین و دانانی ئەو خەزانەی كێڵگەكە كە لە هێرشەكە كرایە ئامانج 25 ملیۆن دۆلارە و دەبوایە ئەو پڕۆژە لە ماوەی تەنیا ساڵێك پێویستیی غازی تەواوی پارێزگاكانی عێراقی دابین بكردایە و پێویستیی ناوخۆیی وڵاتەكەی دابین بكردایە و لە داهاتووش هەناردەی بكردایە، بۆیە هێرشەكە تەنیا لێدان لە هەرێم نەبوو، بەڵكو گورزێك بوو بۆ ئابووری عێراق، چونكە پڕۆژەیەك پەك دەخات كە عێراق لە خەرجی غازی هاوردەكراو رزگار دەكات و دەبێتە هۆی سەقامگیریی سەرچاوەی وزە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *