محه‌مه‌د باقر قالیباف سه‌رۆكی په‌رله‌مانی ئێران، وێڕای سه‌ركۆنه‌كردنی به‌یاننامه‌ی ئه‌نجوومه‌نی هاریكاریی كه‌نداو له‌باره‌ی دوورگه جێناكۆكه‌كانی نێوان ئێران و ئیماراتی یه‌كگرتووی عه‌ره‌بی گوتی، ئه‌وه‌ی نووسراوه دژی بنچینه‌كانی رێزگرتنی وڵاتانه له یه‌كپارچه‌یی خاكی یه‌كتر.
ئه‌و ئه‌مڕۆ له په‌رله‌مانه‌وه هه‌ڕه‌شه‌ی له وڵاتانی عه‌ره‌بی كرد و پێی گوتن، ئیراده‌ی ئێران بۆ به‌رگریكردن له یه‌كپارچه‌یی خاك و سێ دوورگه‌كه تاقی نه‌كه‌نه‌وه.
قالیباف ئاماژه‌ی دا، ”ئێران به‌رده‌وام له هه‌وڵی سه‌قامگیری و ئاشتی و رێزگرتن له بنه‌ماكانی دراوسێیه‌تییه و هه‌ر ئه‌و چاوه‌ڕوانییه‌شمان له ئه‌وان هه‌یه.”
پێویسته بگوترێ ئه‌و سێ دوورگه جێناكۆكه‌ی كه‌نداو بریتین له ئه‌بومووسا، تۆنبێ بۆزۆرگ و تۆنبێ كووچه‌ك، به‌ڵام ئه‌نجوومه‌نی هاریكاریی كه‌نداو له دواین كۆبوونه‌وه‌ی خۆیدا رای گه‌یاند، هه‌رسێ دوورگه‌كه هی ئیماراتن نه‌ك ئێران.
ئه‌نجوومه‌نه‌كه داوای له ئێران كردووه به دانوستان ئه‌و پرسه له‌گه‌ڵ ئیمارات یه‌كلا بكاته‌وه، ئه‌گه‌رنا ئیمارات هانا بۆ دادگای نێوده‌وڵه‌تی ده‌بات.
ئه‌نجوومه‌نه‌كه سه‌ركۆنه‌ی ئێرانی كردووه كه له‌و دوورگانه ده‌ستی به بیناسازی و پڕۆژه‌ی جیاواز كردووه، له هه‌مان كاتدا تووڕه‌یی خۆی له‌و لێدوانانه ده‌ربڕیوه كه ئێران له دژی ئیمارات ده‌یدات.
جگه له‌م دوورگانه، ئه‌نجوومه‌نی هاریكاری ئاماژه‌ی به كێڵگه‌ی ئاره‌ش ”الدره” كرد و گوتی، ئه‌و كێڵگه‌یه‌ش كه‌وتووه‌ته سنووری ئاویی كوێت و خاوه‌ندارێتییه‌كه‌ی بۆ سعوودیه و كوێت ده‌گه‌ڕێته‌وه.
















Leave a Reply