یەكێك لە كێشە گەورەكانی سوودبینینی بزاوە توندڕۆ و تیرۆریستییەكانە لە تەكنیكی پێشكەوتوو و ژیری دەستكرد، ئەوان بۆ چەندان مەبەست سوودیان لەوانە بینیوە و دەبینن، لەوانە بۆ دروستكردنی بۆمب و چەك و پلاندانان و دۆزینەوەی وردی ئامانجەكانیان و هیتریش، راپۆرتێكی بەریتانی باسی دەكات چۆن داعش ژیریی دەستكردنی بۆ راكێشانی ئەندامی نوێ بەكار دێنێت.
رۆژنامەی “تەلەگراف”ی بەریتانی ئاماژە دەكات كە بۆ یەكەمجارە رێكخراوی داعش تەكنیكی ژیریی دەستكردنی بۆ راكێشان و رێكخستنی ئەندامانی لە بەریتانیا بەكار هێناوە، دەزگەی هەواڵگریی ناوخۆی بەریتانیا “ئێم ئای 5” و دەزگای هەواڵگریی دەرەوە و (MI6)، چاودێریی زیادبوونی پشتبەستنی داعش بە ژیریی دەستكرد وەك ئامرازێكی بانگەشەكردن بۆ رێكخراوەكە دەكەن، لەناو مەترسیی گەڕانەوەی چالاكییەكانی داعش و قاعیدە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقیا.
سێر كین مكالوم بەڕێوەبەری (MI5) دەڵێت، ئێستە داعش و قاعیدە خواستی كاركردنیان زیاتر بووە و سوود لە دۆخی ناسەقامگیری هەندێك ناوچە دەبینن بۆ هاندانی هێرشكردن لە وڵاتانی رۆژئاوا، بەپێی زانیارییەكانیش داعش هەڵمەتێكی رێكخستنی شەڕوانە بیانییەكانی لە سووریا دەست پێ كردووە و بۆ ئەو مەبەستەش نوێترین تەكنیك و سەكۆی سۆشیال میدیا لە سایەی مەترسی لە راكێشانی نەوەی نوێ و گەنجانی بەریتانیا بەكار دێنێت.
هەر بەپێی زانیارییەكان داعش پشتی بە ژیریی دەستكرد بەستووە بۆ وەرگێڕان و بڵاوكردنەوەی بەڵگەنامە و نووسراوە عەرەبییەكان بۆ دەیان زمانی بیانی و بڵاوكردنەوەیان لە رێگەی فەیسبووك و سەكۆكانی تری سۆشیال میدیا، بەوەش ئامرازی بانگەشەكەی لە دنیا بڵاو دەبێتەوە بەر لە دۆزینەوەی و لابردنی.















Leave a Reply