ئەمڕۆ یەكشەم دۆخی پارێزگەی حمسی سووریا ئاڵۆزی بەخۆیەوە بینی، كاتێك چەكدارانی هۆزەكانی ناوچەكە لە ناوچەی زەیدل و ناوچەكانی باشووری حمس هێرشیان كردە سەر چەند گەڕەكێكی شارەكە و بەو هۆیەوە دۆخی ناوچەكە تەواو ئاڵۆز بووە، جیا لە تەقەكردن، لە گەڕەكی موهاجیرین دوكان و ئۆتۆمبێل سووتێنران و بەو هۆیەوە هێزە تەناهییەكان بڵاوەیان پێ كرا بۆ كۆنترۆڵكردنی دۆخەكە.
وەك لە میدیاكان هاتە بڵاوكردنەوە، بەهۆی فرەوانبوونی بازنەی ئاڵۆزییەكان، دەسەڵاتدارانی تەناهیی سووریا قەدەغەی هاتوچۆیان لە سەعات 5:00ی ئێوارە تا 5:00ی بەیانیی سبەی لە شاری حمس راگەیاند، ئەوان گەمارۆی نەخۆشخانەی باسلیان دا دوای ئەوەی لە لایەن هۆزی بەنی خالید لە دەوروبەری تەقە كرا.
دوای لەدەست دەرچوونی دۆخی چەند گەڕەكێكی حمس، حكوومەتی سووریا هێزێكی زۆری تەناهی رەوانەی ناوچەكە كردووە، لەوانە گەڕەكەكانی موهاجرین و باسل و شەقامی شەستییەكە و ناوچەكانی ئەرمەن و فیردۆس، ئەو ناوچانەش بەوە ناسراون كە زۆرینەی دانیشتووانی شیعەی عەلەوین.
بەپێی سەرچاوەكان هۆكاری رووداوەكەی ئەمڕۆی حمس كوژرانی ژنێك و هاوسەرەكەی بووە لە ماڵەكەیان لە ناوچەی زەیدل و بە خوێنی ئەوان دروشمی تایفی نووسراوە، پیاوە كوژراوەكە سەر بە هۆزی بەنی خالید بووە كە ئەمڕۆ ئاڵۆزییەكەیان دروست كردووە، ئەوان هێرشیان كردووەتە سەر ناوچەی عەلەوینشینەكان لە حمس.
















Leave a Reply