حكومه‌تی‌ هه‌رێم مه‌رجه‌كانی‌ جێبه‌جێ نه‌كردووه‌، حكومه‌تی‌ عێراقیش پرسی‌ مووچه‌ تاووتوێ ده‌كات

بینەر: (1.5K)

\"\"

وێستگه‌نیوز-
هه‌رچه‌نده‌ تا ئێستا مه‌رجه‌كانی‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ پێشووی‌ جێبه‌جێ نه‌كراون، به‌ڵام بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق كۆببێته‌وه‌ و تێیدا ناردنی‌ مووچه‌ی‌ مووچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم تاووتوێ بكرێت.

 له‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ سێشه‌ممه‌ی‌ رابردوویدا ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ عێراق ره‌زامه‌ندی‌ ده‌ربڕی‌ بۆ خه‌رجكردنی‌ مووچه‌ی‌ مانگی‌ حوزه‌یرانی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، به‌ڵام به‌م مه‌رجانه‌: 

 *راده‌ستكردنی‌ 120 ملیار دیناری‌ داهاتی‌ نانه‌وتی‌ هه‌رێم و ئه‌و لیژنه‌ هاوبه‌شه‌ی‌ بۆ داهاته‌كانی‌ مانگی‌ 7 و مانگه‌كانی‌ دواتر دروستكراوه‌ له‌ماوه‌ی‌ سێ‌ رۆژدا راپۆرتی‌ كۆتایی بدات.

*ده‌بێت كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان پابه‌ند بن به‌ ده‌ستكردنه‌وه‌ی‌ به‌ به‌رهه‌مهێنی‌ نه‌وت و  راده‌ستكردنی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێم به‌ كۆمپانیای‌ به‌بازاڕكردنی‌ عێراق \”سۆمۆ\” له‌ به‌رامبه‌ردا بۆ هه‌ر به‌رمیلێك 16 دۆلار ده‌درێت به‌ كۆمپانیاكان.

تا ئێستاش هیچ كام له‌و مه‌رجانه‌ جێبه‌جێ نه‌كراون.

بڕیاره‌ كاتژمێر 1ی‌ نیوه‌ڕۆی‌ ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 26ی‌ ئابی‌ 2025 ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ عێراق كۆببێته‌وه‌ و بڕگه‌یه‌كی‌ تایبه‌ته‌ به‌ هه‌رێمی‌ كوردستان.

 به‌گوێره‌ی‌ زانیارییه‌كان، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی‌ ئه‌مڕۆدا پابه‌ندییه‌ داراییه‌كانی نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدراڵی ده‌خرێته‌ڕوو. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش، راپۆرتێكی هاوبه‌ش له‌لایه‌ن محه‌مه‌د عه‌لی ته‌میم، جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیری پلاندانان؛ ته‌یف سامی، وه‌زیری دارایی و به‌نگین رێكانی، وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردن و شاره‌وانییه‌كان ده‌خرێته‌ڕوو.
 
له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و راپۆرته‌ش چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بڕیار له‌سه‌ر ناردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان بدات. 

ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌مڕۆ 26ی‌ ئابه‌، به‌ڵام تا ئێستا مووچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم مووچه‌ی‌ مانگه‌كانی‌ حوزه‌یران و ته‌مموزی‌ رابردوویان وه‌رنه‌گرتووه‌ و له‌ دۆخێكی‌ سه‌ختی‌ داراییدان.

AM:08:34:26/08/2025

ئه‌م بابه‌ته 20
جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *