ترەمپ: گەلی ئێران دەیەوێت ئازاد بێت و سێشەم دوا مۆڵەتە بۆ تاران

بینەر: (9)

ئەمڕۆ دووشەم شەشی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، دووپاتی کردەوە کە گەلی ئێران ئارەزووی ئازادبوون دەکات، هاوکات جارێکی تریش دووپاتی کردەوە کە سێشەم دوا مۆڵەتە کە دراوەتە ئێران.

دۆناڵد ترەمپ ڕای گەیاند کە ئێران بە نیازێکی باشەوە دانوستان دەکات و ئێستە دانوستانکارەکانیان عەقڵانیترن، ڕوونیشی کردەوە کە جەنگ لەگەڵ ئێران دەشێت زۆر بە خێرایی کۆتایی بێت ئەگەر ئەوە بکەن کە پێویستە بیکەن.

ترەمپ گوتی، ئێمە لە ئێران قڕیان دەکەین و ئەگەر ڕەتی بکەنەوە خۆیان بەدەستەوە بدەن، هیچ وێستگەیەکی کارەبا یان پردێکیان نامێنێت، دووپاتیشی کردەوە کە جەنگەکە پێوەندیی بە یەک شتەوە هەیە، ئەویش ئەوەیە کە ئێران چەکی ئەتۆمیی نەبێت.

سەرۆکی ئەمەریکا ڕوونیشی کردەوە، ئەگەر بڕیارەکە بەدەست من بووایە، نەوتی ئێرانم دەبرد.

دووپاتی کردەوە کە ئێران قڕ کراوە و ناتوانێت بەرگری بکات سەرەڕای هەبوونی چەند مووشەک و فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان، زیاتر گوتی، ئەگەر گەلی ئێران بۆ خۆپێشاندان بێتە دەرەوە، ئەوا ڕاستەوخۆ تەقەیان لێ دەکرێت، گەلیش ئەگەر چەک بەدەست بهێنێت، شەڕ دەکات.

ئاماژەی بەوەش کرد، گەلی ئێران کاتێک گوێی لە دەنگی بۆمبەکان نابێت بێزار دەبێت، هۆکاری ئەوەی خۆپێشاندان ناکەن ئەوەیە کە پێیان گوتراوە تەقەیان لێ دەکرێت. ئەگەر ئێمە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێرانمان نەدڕاندایە کە ئۆباما واژووی کردبوو، ئەوا ئیسرائیل کۆتایی دەهات.

ترەمپ ئاماژەی بەوەش دا کە ئەمەریکییەکان دەیانەوێت لە ئێران سەرکەوتن بەدەست بهێنین و بگەڕێینەوە ماڵەوە، دەتوانین هەر ئێستە ئێران جێبهێڵین، بەڵام دەمەوێت ئەرکەکە تەواو بکەم.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *