لە سەرەتای ئەمساڵەوە ناڕەزایەتیی فرەوان لە ئێران دەستی پێ كراوە، بازرگانان و خەڵكی ئاسایی لە دەیان شاری ئەو وڵاتە رژاونەتە سەر شەقامەكان و داوای گۆڕانكاریی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی دەكەن، لەوكاتە بەهای تمەنی ئێرانی بەهۆی سیاسەتی ئەوپەڕی گوشاری ئەمەریكا تا ئاستێكی مێژوویی دابەزیوە و هەڵاوسانیش بەرزترین، دوای هەڕەشەكانی، بڕیارە ترەمپ دەست بە هەنگاوە كردەنییەكانی دژی دەسەڵاتدارانی ئێران بكات.
دوێنێ رێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە نەرویج رای گەیاند كە ئاماری كوژراوانی ناڕەزایەتییەكانی دوایی ئێران گەیشتووەتە 192 كوژراو و 2600 كەسیش گیراون، ئێران چەند رۆژێكە ئینتەرنێتی بڕیوە و دەستی كردووە بە هەڵمەتێكی سەركوتكاری و رەشبگیرییەكی فرەوانی خۆپێشاندەران لە كوشتن و گرتن و لەسێدارەدانیان، ژمارەی كوژراوان زیاترە و زانیارییەكان تەواو ناگەن، ئەوەی دەكرێ تاوانێكی نێودەوڵەتییە و پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەپەلە بێتە دەنگ بۆ وەستانی پێشێلكارییەكان.
رۆژنامەی “ئیسرائیل هیوم”ی ئیسرائیلی ئاماژەی كرد كە ئیدارەی ئەمەریكا تاوتوێی زنجیرەیەك هەنگاو سەبارەت بە دۆخی ئێران دەكات، بەرپرسێكی ئەمەریكی دەڵێت، لە ماوەی 48ی سەعاتی داهاتوو، واتە تا سبەی سێشەم، بڕیاری چۆنیەتیی وەڵامدانەوەی ئەمەریكا بۆ دۆخی ئێران یەكلا دەبێتەوە، ئێستە رژێمی ئێران شەڕی مان و نەمان دەكات و پێشبینی دەكرێت هەڵمەتی لە دژی خۆپێشاندەران توندتر و فرەوانتر بكات.
لەو بژارانەی رۆژنامەكە لەبارەی وەڵامی ئەمەریكا بۆ دۆخی ئێران باسی كرد، كاراكردنەوەی تۆڕی ئینتەرنێت لەناو ئێران، ئەنجامدانی هێرشی سیبرانی لە بوارە جیاجیاكان، بەتایبەتی سەربازی پێوەست بە سوپای پاسداران و دامەزراوەكانی تر، هەروەها كەرتەكانی وزە و گواستنەوە، جیا لە ئەگەری وەشاندنی گورزێكی سەربازی لەو وڵاتە.
















Leave a Reply