ترەمپ قسەی زیاتری هەیە

بینەر: (10)

هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل لە دژی ئێران بەردەوامە و لە دوو رۆژی رابردوو دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەیەكی زۆری لە ئێران كرد بۆ كردنەوەی گەرووی هورمز و وادەیەكی تا ئێوارەی سبەی سێشەم بۆ دیاری كرد بۆ كردنەوەی گەرووەكە، ئەو هەڕەشەی وێرانكردنی پرد و وێستگەكانی وزەی ئێرانی كرد، بڕیارە ئەمڕۆ ئێوارە جارێكی تر قسە لەسەر ئەو بابەتە بكات.

بەدرێژایی ماوەی بەڕێوەچوونی هەڵمەتە سەربازییەكەی سەر ئێران، سەرۆكی ئەمەریكا قسە و لێدوانی زۆری هەبوو، هەندێكجار قسەكانی دژ بەیەك بوون، هاوكات باسی دانوستان و تونكردنی هێرشەكانی كرد، ئێرانییەكان، بەتایبەتی باڵی توندڕۆكان و سوپای پاسدارانی قسەكانی ترەمپیان رەت دەكردەوە، بەتایبەتی دانوستان.

وەك تۆڕی “فۆكس نیوز”ی ئەمەریكی باسی كرد، بڕیارە سەعات یەكی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ بە كاتی ئەمەریكا، واتە ئێوارەی ئەمڕۆ، ترەمپ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە كۆشكی سپی باسی نوێترین زانیاری لەبارەی شەڕ و دانوستانەكان سەبارەت بە ئێران بكات، كۆنگرەكە لە ساتێكی زۆر هەستیاردا دێت و هاوكاتە لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی دیاریكراو بۆ ئێران بۆ كردنەوەی تەواوەتیی گەرووی هورمز، ئەگینا تەواوی وێستگەكانی وزە و ژێرخانی ئێران وێران دەكات.

لە لایەكی تر هەوڵەكانی دیپلۆماسیی ئەمەریكا بۆ رێككەوتن لەگەڵ ئێران لە رێگەی جی دی ڤانس جێگری سەرۆكی ئەمەریكا و تیمێكی ئەمەریكی لە رێگەی پاكستان بۆ رێككەوتن لەگەڵ ئێران بەردەوامە، بەڵام تا ئێستە ئەنجامی ئەو هەوڵانە دیار نییە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *