بەهۆی جەنگی ئێرانەوە بانكی ناوەندی وڵاتان زێڕ دەفرۆشن

بینەر: (212)

ئاژانسی بلومبێرگی ئەمەریكی بڵاوی كردەوە، جەنگ لە ئێران گۆڕانكاری لە ئاكاری كڕین و فرۆشتنی بانكی ناوەندی وڵاتانی دنیا دروست كردووە كە خۆی لە كڕینی بەردەوامی زێڕ لەلایەن ئەو بانكانە دەبینییەوە، بەڵام ئێستە زۆرینەیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دۆخی لەرزۆكی ئابووری دنیا بەهۆی جەنگی ئێرانەوە زێڕ دەفرۆشن.

ئاژانسەكە نووسیویەتی، لەم مانگەدا بانكی ناوەندی توركیا بە بڕی هەشت ملیار دۆلار یەدەگی زێڕی خۆی فرۆشتووەتەوە، ئەمەیش بە ئامانجی پاراستنی نرخی لیرەی توركی بەهۆی بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخی دۆلار لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و گازی سروشتی لە دنیادا.

شارەزایان پێشبینی دەكەن، بانكی ناوەندی وڵاتانی تری دنیایش هەمان هەنگاوی بانكی ناوەندی توركیا دەگرنەبەر، بەمەیش نرخی زێڕ لە بازاڕەكانی دنیا ڕوو لە دابەزین دەكات. بەشێك لەو وڵاتانەی یەدەگێكی زۆری زێڕیان هەیە و هاوردەكاری سەرەكی نەوت و غازی سروشتیشن، بۆیە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و غاز بە مانای ئەوە دێ، ئەو وڵاتانە پێویستیان بە فرۆشتنی بەشێك لە یەدەگی زێڕ هەیە بۆ پڕكردنەوەی تێچوونەكانی كڕینی وزە و پاراستنی ئاسایشی وزە لە وڵاتەكانیان.

ئەمەیش بە تەواوی پێچەوانەی شەڕی ڕووسیا و ئۆكراینایە، چونكە لە كاتی دەستپێكی جەنگی ئەو دوو وڵاتە، وڵاتانی دنیا بە پەلە دەستیان بە كڕینی زێڕ كرد، بەهۆی ئەوەی وڵاتانی ڕۆژئاوا یەدەگی نەختینەی ڕووسیایان لە سەرجەم بناكەكانی دنیا بلۆك كرد، ئەمەیش وایكرد كە بانكی ناوەندی وڵاتان یەدەگی دراو فرەجۆر بكەن و تەنیا پشت بە دۆلار و یۆرۆ نەبەستن.

ئەمە وایكرد كە نرخی زێڕ بەرزبوونەوەی بەرچاو بەخۆیەوە ببینێت و نرخی ئۆنسێك زێڕ گەیشتە سەرووی پێنج هەزار دۆلاری ئەمەریكییەوە، بەڵام ئێستە بەهۆی جەنگ لە ئێران نرخی زێڕ بە ڕێژەی 18% ڕووی لە دابەزین كردووە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *