بەرپرسێكی ئیسرائیلی: توانیمان تەباتەبائی لەناو ببەین

بینەر: (945)

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل لە هێرشێكی ئاسمانی بۆ سەر شوقەیەك لە باشووری بەیرووت لە لبنان بەرپرسێكی باڵای سەربازیی حزبوڵای لبنانی كردە ئامانج، دوایی هاتە راگەیاندن ئەو كەسەی كراوەتە ئامانج ئەبو عەلی تەباتەبائییە و سوپاسالاری حزبوڵایە، حزبوڵا رای گەیاند كە تاوتوێی وەڵامدانەوە دەكەن، بەرپرسێكی باڵای ئیسرائیلیش دووپات لە كوشتنی دەكاتەوە.

ئەگەرچی تا ئێستە سوپای ئیسرائیل بە فەرمی كوژرانی تەباتەبائی رانەگەیاندووە، بەڵام وەك رۆژنامەی “ئیدیعۆت ئەحرانۆت”ی ئیسرائیلی باسی كرد كە بەرپرسێكی باڵای ئیسرائیلی دووپاتی كردووەتەوە كە هەوڵی كوشتنی تەباتەبائی سەركەوتوو بووە و توانیمان سوپاسالاری حزبوڵا لەناو ببەین.

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەم فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل شوقەیەكیان لە شەقامی عەریز لە گەڕەكی حەریك لە باشووری بەیرووت كردە ئامانج، دواتر رای گەیاند كە هێرشەكە هەوڵێكی كوشتنی ئەبو عەلی تەباتەبائی سوپاسالاری حزبوڵای لبنانی بووە كە دووەم كەسایەتییە لەناو حزبەكە، پێشتر دوو جار هەوڵی كوشتنی دراوە و یەكەمین كوشتنی سەركردەكانی حزبوڵایە لە دوای رێككەوتنی ئاگربەست لە لبنان لە تشرینی دووەمی 2024.

لە دوای هێرشەكە حزبوڵا هەڕەشەی وەڵامدانەوەیەكی گونجاوی كرد و ئیسرائیلیش خۆی بۆ هەموو ئەگەرەكان ئامادە كردووە، میدیاكانی لبنانیش رایان گەیاند كە هێرشەكە بە سێ مووشەك ئەنجام دراوە هەردوو نهۆمی چوار و پێنجی تەلارێكی 10 نهۆمی كردووەتە ئامانج لە گەڕەكی حەریك كە مۆڵگەیەكی حزبوڵایە و بەو هۆیەوە تا ئێستە پێنج كوژراو و زیاتر لە 20 بریندار هەن.

سەرچاوە ئیسرائیلییەكان ئاماژە دەكەن هێرشەكە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەمەریكا بووە و زانیاری بە ئەمەریكا دراوە، بەڵام كاتی جێبەجێكردنی ئاشكرا نەبووە، لەوكاتەی بەرپرسێكی ئەمەریكی ئاماژە دەكات كە ئیسرائیل پێشوەختە ئەمەریكا لە هێرشەكە ئاگەدار نەكردووەتەوە و راستەوخۆ دوای ئەنجامدانی پێی گوتووە، چەند رۆژێكە ئەمەریكا دەزانێت ئیسرائیلی نیازی پەرەسەندنی دۆخەكەی لە لبنان هەیە، بەڵام بە كات و شوێن و ناسنامەی بەئامانجگیراوەكەی نەزانیوە.

بەپێی زانیارییەكان تەباتەبائی فەرماندەی پێشووی هێزی رەزوانە كە بەشداریی شەڕەكانی لە سووریا و یەمەن كردووە، ئێستە لە دوای نەعیم قاسم دووەم كەسایەتیی باڵای ناو حزبوڵایە و فەرماندەی هێزە دەستەبژێرەكانی حزبوڵایە و بەشداری لە بنیاتنانەوەی توانا سەربازییەكانی حزبوڵا لە دوای گورزەكانی ئیسرائیل كردووە، باوكی ئێرانییە و دایكیشی لبنانی، خۆی لە لبنان دادەنیشێت، لە لیستی داواكراوانە بۆ ئەمەریكا و پێنج ملیۆن دۆلار بەرانبەر بە پێدانی زانیاری بۆ گرتنی تەرخان كراوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *