تا ئێستە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن خەریكی یەكلاكردنەوەی تانەكانی هەڵبژاردنە كە ژمارەیان گەیشتووەتە 872 تانە و نیوەی بۆ دەستەی دادوەری رەوانە كراوە بۆ بڕیاردان لەبارەیانەوە، لەو ناوەدا گفتوگۆكانی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران بەردەوامە، ئەندامێكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دەڵێت، ناوی سوودانی لە دەرەوەی لیستی كاندیدە رژدەكانی سەرۆك وەزیرانە.
زیا ناسری ئەندامی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا گوتی، ناوی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیران لە گفتوگۆی نێوان سەركردە سیاسییەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی نەخرابووە روو، بۆیە كاتێك ئەو سەركردانە گفتوگۆ لەبارەی پۆستی سەرۆك وەزیران دەكەن ناوی سوودانی باس ناكەن، ئەگەرچی ناوی ئەو بە هاوشێوەی كاندیدانی تر خراوەتە روو، بەڵام ناوی لە ریزی كاندیدە رژدەكاندا نییە.
ئەو ئەندامەی دەوڵەتی یاسا ئاشكرای كرد، لەوكاتەی ناوەكانی عەبدولحوسێن عەبتان و قاسم ئەعرەجی و حەمید شەتری و نووری مالیكی و هیتریش خراوەتە روو، بەڵام ناوی سوودانی لە ریزی ئەو پێنج ناوە نییە كە گفتوگۆ لەبارەیانەوە هەیە.
هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق لە 11ی ئەم مانگە بەڕێوە چوو و تا ئێستە كۆمسیۆن خەریكی یەكلاكردنەوەی تانەكانە، بڕیارە دوای رەوانەكردنی تەواوی تانەكان بۆ دەسەتەی دادوەری و یەكلابوونەوەیان، ئەنجامی كۆتایی رەوانەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و دادگای فیدراڵی بكرێت بۆ پەسندكردنی.
















Leave a Reply