دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پڕۆژە بڕیارێكی ئەمەریكای لەبارەی كەرتی غەزە تێپەڕ كرد، ئەمەریكا كار بۆ جێبەجێكردنی پلانێك دەكات بۆ دابەشكردنی كەرتی غەزە بۆ چەند ناوچەیەكی دەسەڵات، یەكێكیان لە لایەن سوپای ئیسرائیلەوە بەڕێوە دەبرێت، ئەوەی تری لەژێر دەستی حەماس دەمێنێتەوە، ئەوەش وەك رێخۆشكردن بۆ دامەزراندنی كۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی كاتی تایبەت بە ئاوارە فەلەستینییەكان لە باشوور.
پلانەكە كە لە لایەن رۆژنامەی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ”ی ئەمەریكییەوە هاتە ئاشكراكردن، ئەوەش لە چوارچێوەی هەوڵەكانی لێكهەڵوەشاندنەوەی حەماس، كە لە دووەم قۆناغی پلانەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكادا هاتووە و واشنتن پێشبینیی جێبەجێكردنی لەسەر ئاستێكی نزیك ناكات، پلانەكە ئەمەریكا پێشبینیی دیاریكردنی سنوور لە نێوان ناوچەكانی كۆنترۆڵ لە غەزە دەكات، بەشێوەیەك ناوچەكانی ژێر دەستی حەماس سوور بن و ناوچەكانی سوپای ئیسرائیلیش سەوز.
واشنتن لە ناوچە سەوزەكان كۆمەڵگەی ئارام بۆ نیشتەجێكردنی ئاوارە فەلەستینییەكان بەشێوەیەكی كاتی دروست دەكات، خزمەتگوزكاریی فێركردن و تەندروستیان بۆ دابین دەكات، تیمە ئەندازیارییەكانیش گەیشتوونەتە ئەوێ بۆ لابردنی پاشماوە رووخاوەكان و تەقەمەنییە نەتەقیوەكان لە ناوچە سەوزەكە بۆ دەستكردنی بە دروستكردنی، ئەوەش كاتییە تا كاتی دەست پێكردنی پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەی غەزە.
بەپێی سەرچاوە ئەمەریكییەكان یەكەمجار لە ناوچەی رەفەح دەست پێ دەكرێت بۆ تاقیكردنەوەی پلانەكە، ئەوە سەرەڕای بەردەوامیی شەڕ لە ناو تونێلەكان، بەڵام ئەوەی دیار نییە ئەمەریكا و ئیسرائیل چۆن رێگری لە چەكدارانی حەماس دەكەن بۆ گەیشتن بەو ناوچەیە، ئەگەرچی چەند پێشنیازێك هەن وەك پشتبەستن بە گرووپە فەلەستینییە نەیارەكانی حەماس وەك گرووپی یاسر ئەبو شەباب، بەڵام ئەمەریكا ئەوان بە تاوانبار دادەنێت، بەگشتی مەبەستی سەرەكیی پلانەكەی ئەمەریكا بچووككردنەوەی ناوچەكانی ژێر دەستی حەماسە بە هەنگاو و دواتر بڵاوكردنەوەی هێزی نێودەوڵەتی و پۆلیسی فەلەستینی لەو ناوچانە.
















Leave a Reply