بەیانیی ئەمڕۆ دووشەم هاووڵاتییەكی ئێران بە پاسپۆرتێكی ساختە، خۆی گەیاندووەتە عێراق و لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، دووجار هەوڵی گرتنی لە ناو فڕۆكەخانە دراوە، بەڵام ئەو تا ناوچەی كازمییەی بەغدا ڕای كردووە و لەوێشەوە شێوەی گۆڕیوە و جارێكی تر ون بووەتەوە.
سەرچاوەیەك لەوبارەیەوە بە پێگەی “سۆمەرییە نیوز”ی گوتووە، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست پۆلیسی بەغدا كەوتووە، یەكێك لە گەشتیاران لە ناو فڕۆكەیەكی هێڵی ئاسمانی عێراقی بووە و زانراوە كە پاسپۆرتەكەی ساختەیە، بۆیە بەر لە نیشتنەوەی ڕێوشوێن بۆ گرتنی گیراوەتەبەر، بەڵام دوای دابەزینی لە فڕۆكەخانە، لە دەست هێزەكانی تەناهی خۆی ڕزگار كردووە و هەڵاتووە.
سۆمەرییە نیوز بڵاوی كردووەتەوە، دوای دەرچوونی لە فڕۆكەخانە، تا ناوچەی كازمییە ڕۆیشتووە و هێزەكانی پۆلیسیش دوای كەوتوون، لەوێ چووەتە ناو هۆتێلێكەوە و جلەكانی خۆی گۆڕیوە و ڕیشی تاشیوە بۆ ئەوەی نەگیرێت، دواتر هاتووەتە دەرەوە و ڕۆیشتووە، بەوهۆیەوە هێزەكانی تەناهی چوونەتە هۆتێلەكە كە كارمەندێكی پاكستانی لێ بووە، بەهۆی هاریكاریكردنی ساختەكارەكە، ئەو كارمەندە پاكستانییەیش لەلایەن هێزەكانەوە گیراوە.












Leave a Reply