ئومێد سه‌باح چه‌ند ئامارێكی‌ هه‌رێم راده‌گه‌یه‌نێت

بینەر: (1.0K)

\"\"

وێستگه‌نیوز –
ئومێد سه‌باح سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رایگه‌یاند كه‌ داهاتی‌ نانه‌وتی‌ هه‌رێم مانگانه‌ زیاتر له‌ 300 ملیار دیناره‌، ده‌شڵێت: \”دانیشتووانی هه‌رێم 15٪ـی دانیشتووانی عێراق پێكده‌هێنن\”.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ئومێد سه‌باح سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ پانێڵكدا به‌ناونیشانی كاره‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم، رایگه‌یاند كه‌ به‌پێی‌ دوایین سه‌رژمێری‌، ژماره‌ی دانیشتووانی عێراق 46 ملیۆن و 122 هه‌زار كه‌سه‌ و  ژماره‌ی دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان شه‌ش ملیۆن و 503 هه‌زار و 202 كه‌سه‌ كه‌ ده‌كاته‌ سه‌دا 14.1 جگه‌ له‌ ناوچه‌ هاوبه‌شه‌كان كه‌ له‌ رووی‌ خزمه‌تگوزارییه‌وه‌ سه‌ر به‌ هه‌رێمن، به‌ڵام نفوسیان له‌سه‌ر عێراقه‌، وه‌كو شێخان و هه‌ندێك ناوچه‌ی‌ مه‌خمور و چه‌مچه‌ماڵ‌.

ئومێد سه‌باح ده‌ڵێت: \”ئه‌گه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ش هه‌ژمار بكه‌ین، ئه‌وه‌ی ده‌كه‌وێته‌ ژێر هه‌ژموونی هه‌رێمی كوردستان نزیكه‌ی حه‌وت ملیۆن كه‌سه‌\”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه‌ \”ته‌خمینی‌ ده‌كه‌ین كه‌ دانیشتووانی هه‌رێم سه‌دا 15ی دانیشتووانی عێراق پێكده‌هێنێت\”.

وتیشی: \”خه‌رجییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران مانگانه‌ 900 ملیار و 88 ملیۆن دیناره‌ و بۆ خه‌رجییه‌كانی‌ تر 213 ملیاره‌\”.

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ \”به‌گشتیی هه‌رێمی كوردستان له‌ مانگێكدا پێویستی به‌ ترلیۆنێك و 200 ملیار دینار هه‌یه‌\”.

ئه‌و به‌رپرسه‌ باڵایه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم راشیگه‌یاند كه‌ \”له‌ كابینه‌ی‌ نۆیه‌مدا توانیمان داهاتی نانه‌وتی هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ مانگێكدا بگه‌یه‌نینه‌ سه‌رووی 300 ملیار دینار\”.

PM:09:33:25/08/2025

ئه‌م بابه‌ته 80
جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *