ئه‌ندامێكی داواكاریی گشتیی هه‌رێم: پێویسته‌ سیاسییه‌كان ده‌ست له‌ دادگاكان هه‌ڵبگرن

بینەر: (1.8K)

\"\"

وێستگه‌نیوز-
ئه‌ندامێكی داواكاریی گشتیی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند كه‌ \”بۆ ئه‌وه‌ی دادگاكان له‌ ئاست متمانه‌ی هاووڵاتییاندا بن، پێویسته‌ سیاسییه‌كان ده‌ست له‌ دادگاكان هه‌ڵبگرن\”.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌، 25ی ئابی 2025 د. محه‌مه‌د رێكانی، ئه‌ندامی داواكاریی گشتیی هه‌رێمی كوردستان، رایگه‌یاند كه‌ \”له‌ هه‌ر رووداوێك پێشێلی یاسا و مافه‌كان بكرێت به‌دواداچوونی بۆ ده‌كه‌ین\”.

د. محه‌مه‌د رێكانی ده‌ڵێت: \”راگه‌یه‌نراوی ئه‌مڕۆی سه‌رۆكایه‌تیی داواكاریی گشیی ئاگاداركردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان، جێبه‌جێكردنی بڕیاری یاسا پێویسته‌ به‌گوێره‌ی یاسا بێت\”.

جه‌ختیشی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ \”ناكرێت زێده‌ڕۆیی بكرێت له‌ به‌كارهێنانی هێز و كاتێك كه‌سێك تۆمه‌تباره‌ پێویسته‌ ته‌نیا تۆمه‌تبار ده‌ستگیر بكرێت\”.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی‌ داواكاری‌ گشتی‌ بۆ كوردستان 24 باسی‌ له‌وه‌كرد كه‌ \”پێویسته‌ فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی دادوه‌ر، پیشانی تۆمه‌تبار بدرێت و پێی رابگه‌ینن كه‌ فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی هه‌یه‌\”.

جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه‌ كه‌ \”پێویسته‌ پۆلیس رێكاره‌كان جێبه‌جێ بكات و له‌ژێر سه‌رپه‌رشتیی دادوه‌ردا بێت و نابێت له‌ جێبه‌جێكردنی هه‌ر بڕیارێكی دادگادا، هیچ مافێك پێشێل بكرێت\”.

د. محه‌مه‌د رێكانی راشیگه‌یاند كه‌ \”بۆ ئه‌وه‌ی دادگاكان له‌ ئاست متمانه‌ی هاووڵاتییاندا بن پێویسته‌ سیاسییه‌كان ده‌ست له‌ دادگاكان هه‌ڵگرن و ده‌ستێوه‌ردان نه‌مێنێت و ده‌بێت سه‌ربه‌خۆ بێت\”.

PM:11:20:25/08/2025

ئه‌م بابه‌ته 12
جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *