داواکارى هاوڵاتیان یەک دەرئەنجامى هەیە

بینەر: (15.2K)

جێگر سەلێمان ساڵح

لە چەند رۆژی پێشوودا و بۆ داواکردنی مافێکی سەرەتایی خۆیان، خەڵکی گوندی لاجان کە پاڵاوگەی لانازی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی لێیە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، تەنها داوای ئەوەیان دەکرد کە گەنجەکانی گوندەکەیان بۆ دابمەزرێنن لەو پاڵاوگەیە، چونکە رۆژ تا ئێوارە دوکەڵ و پیسی پاڵاوگەکە دەچێتە هەناو و قوڕقوڕاگەی دانیشتوانی گوندەکەوە و ناکرێت گەنجەکانیشیان بێکار بن و خەڵکی بیانی لەو پاڵاوگەیە کار بکەن!

بەڵام بەداخەوە وەک پیشەی هەمیشەیی خۆیان، ئەمجارەش پارتی لەڕێگەی شەقاوە و بەڵتەچییەکانیەوە کە ناوی ناون هێزی ئەمنی! پەلاماری خەڵکیان دایەوە و بە گوللە وەڵامیان دانەوە، گەنجێکیان کوشت و زیاتر لە ١٠ کەسیان بریندار کرد، چەندین کەسی دیکەشیان دەستگیرکردووە و خۆیان و خودا نەبن ئێستا نازانرێت لەکوێن و چیان لێکراوە!

ئەمەی باسم کرد لە زۆنی زەرد و لەژێر دەسەڵاتی پارتیدا روویدا، وەنەبێت لە زۆنی سەوزیش دۆخەکە باشتر بێت، هەر سێ مانگ لەمەوبەر و لە شەوی ٢٢ـی ئابدا، بەڵتەچییەکانی یەکێتی بە تانک و باجەر و هەمەڕ و درۆن پەلاماری هۆتێل لالەزاری شوێنی حەوانەوەی لاهور جەنگیی ئامۆزای سەرۆکی حزبەکەی خۆیان دا و تا بەیانی خەویان لە چاوی گەنج و پیر و منداڵی ئەم شارە بڕی، ئەنجامەکەشی؟ کوشتنی چەندین کەس لەو شەڕەدا و سوتاندنی چەندین کەس و دەیانی دیکەشیان بێسەروشوێن کرد!

ئەی ئافەرین حکومڕانی کوردی! دوای ٣٤ ساڵ ئێستاش وەک ئاژەڵ حوکمی خەڵک دەکەن! بە یاسای بەربەری مامەڵە لەگەڵ خەڵک دەکەن، کێتان بوێت دەیکوژن و کێتان بوێت دەیسوتێنن و کێشتان بوێت و ئارەزووی بکەن بێسەروشوێنی دەکەن و دواییش بە دڵی خۆتان سیناریۆیەکی بۆ دادەتاشن! لە سایەی دەسەڵاتی جوت حزبی بنەماڵە ئێستا کەس خاوەنی گیانی خۆی نییە، رەنگە بەیانییەک لە خەو هەستیت و ئەوە کۆتا ڕۆژت بێت! بە گوللەی بەڵتەچییەکی یەکێتی یان پارتی بکوژرێیت و خوێنیش بە فیڕۆ بڕوات، چونکە بەتەما نەبیت کەس لەسەر کوشتنت محاسەبە بکرێت، بگرە بکوژەکانت خەڵات دەکرێن! چونکە جوت حزبەکە ئەوانەیان دەوێت کە بێ سڵەمینە و پرسیارکردن، ئامادەن کەسوکاری خۆشیان لەپێناوە مانەوەی ئەم دوو حزبە بکوژن!

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *