هەڵۆ ئیسماعیل
ئەگەر جاران دیکتاتۆرەکان بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتیان پێویستیان بە تانک و کودەتای سەربازی بووبێت، ئەمڕۆ لە عێراقدا حەشدی شەعبی و هێزە سێبەرەکان، هەمان کار بە کڕینی کورسییەکانی پەرلەمان و بەکارهێنانی دەنگدانی ئەلیکترۆنی دەکەن! پەرلەمانی عێراق ئێستا نە دەنگی گەلە و نە پارێزەری دەستوور، بەڵکو گەورەترین مەزادخانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە تێیدا مافەکانی مرۆڤ، کەرامەتی هاوڵاتی، و سەروەریی وڵات، بە ئاشکرا و بە پارەی خەزێنەی گشتی هەراج دەکرێن.
لەم مەزادخانەیەدا، ئەو میلیشیایانەی کە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە وەک پێشێلکاری مافی مرۆڤ و هەندێکجاریش وەک گرووپی تیرۆریستی دەناسرێن، دەیانەوێت گەورەترین مەترسی بەسەر عێراقدا بسەپێنن: شەرعیەتدان بە زەبروزەنگ و تۆقاندن ! ئەوان بە پارە و هەڕەشە، زۆرینەیەک لە پەرلەمانتارانی کوتلە بچووک و بێ ئیرادەکانیان کڕیوە، بۆ ئەوەی یاسایەک تێپەڕێنن کە دەسەڵاتی ڕەها دەداتە حەشدی شەعبی. ئەم یاسایە واتە چی؟ واتە پێدانی مۆڵەتی فەرمی بۆ ئەوەی هەرکەسێک لە کەرکوک، بەغدا، یان بەسڕە بڵێت “نەخێر” بۆ داگیرکاری و گەندەڵی، بە ناوی “تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی”یەوە بڕفێنرێت، ئەشکەنجە بدرێت، و بکوژرێت، بەبێ ئەوەی هیچ دادگایەک بتوانێت بڵێت بۆچی !
باشە گەمژەیی نییە پەرلەمانێک کە بە دەنگی خەڵک هەڵبژێردراوە، کار بۆ دروستکردنی دەزگایەکی سەرکوتکەر بکات کە لە دەرەوەی یاساکانی گەل کاردەکات؟ ئاخر ئەگەر میلیشیایەک بتوانێت بە بڕیاری پەرلەمان ببێتە خاوەنی دەسەڵاتی ڕەهای دادوەری و جێبەجێکردن، ئیتر دامەزراوەکانی دەوڵەت جگە لە پەیکەرێکی بەتاڵ چین؟ لەولاشەوە، کوتلە کوردییەکان (پارتی و یەکێتی)، کە گوایە بۆ ڕێگریکردن لە تەعریب و پاراستنی قەوارەی هەرێم چوونەتە بەغدا، لەم مەزادەدا ڕۆڵی چی دەبینن؟ ئەوان بێدەنگترین و گوێڕایەڵترین بازرگانی ناو پەرلەمانن! ئەوان ئامادەن لەسەر مێزی گفتوگۆ، چاو لە هەموو پێشێلکارییەکی سەر کەرکوک و تاوانەکانی حەشد بپۆشن، بەو مەرجەی پشکی کۆمپانیاکانیان لە نەوت و تەندەرەکان و دەسەڵاتیان بەسەر خەڵکی فەقیر و هەژاری هەرێمدا کەم نەکرێتەوە.
دەڵێن “کاتێک حکومەت لە خەڵک دەترسێت، ئازادی بوونی هەیە؛ بەڵام کاتێک خەڵک لە حکومەت دەترسێت، ئەوە سەرەتای ستەمکارییە.” ئەمڕۆ لە پەرلەمانی عێراق، بە یاسا کار بۆ ئەوە دەکرێت کە تەواوی خەڵک لە هێزێکی دەرەوەی دەوڵەت بترسێت و تۆقاندن ببێتە یاسای وڵات.














Leave a Reply