محمد حسێن مەولود
دوو ڕۆژی تر، جارێکی دیکە هەڵبژاردن لە عێراق بەڕێوەدەچێت، بەڵام ئایا ئەمە چ جۆرە هەڵبژاردنێکە؟ لە ڕاستیدا، ئەمە پرۆسەیەکی پڕ لە فێڵ و تەڵەکەبازییە کە تەنیا بۆ دەوڵەمەندکردنی زیاتری دەسەڵاتداران و نیشاندانی وێنەیەکی ساختە بە جیهانی دەرەوەیە، وەک بڵێی عێراق وڵاتێکی دیموکراسییە.
بەڵام لە بنەڕەتدا، ئەمە تەنیا سیناریۆیەکی دووبارەیە و دیموکراسییەت تێیدا تەنیا ناوێکی بێ ناوەڕۆکە.
دابەشکردنی دەسەڵات پێش هەڵبژاردنی لایەنە سیاسییەکان،
ڕوونە پێش دەنگدان، پۆستەکانیان لە نێوان خۆیاندا دابەش کردووە و ڕێککەوتنیان کردووە.
بۆ نموونە، لە هەرێمی کوردستان، یەکێتیی بەناو نیشتمانیی کوردستان و پارتی بەناو دیموکراتی کوردستان وەک هەمیشە لە لووتکەی دەسەڵاتدا دەمێننەوە؛ یەکێتی لە زۆنی سەوز و پارتیش لە زۆنی زەرددا باڵادەست دەبن.
لەسەر ئاستی حکومەتی بەناو فیدراڵیی عێراقیش، پێکەوە هاوبەشی دزی و گەندەڵین.
هاوکات، حەشدی شەعبی، کە دەستیان بە خوێنی کورد و سوننە سوورە، دەسەڵاتی ڕەهایان هەیە. لێرەدا، ئەو لایەنە براوەیە کە هێزی چەکداری زیاترە، نەک ئەو لایەنەی کە زۆرترین دەنگی خەڵکی بەدەستهێناوە چونکە ڕوونە خەڵکی لێیان بێزارە دەنگیان پێنادات بەڵام بە فێڵکردن دەمێننەوە لە دەسەڵات .
سەروەریی میلیشیا، نەک یاسا لە عێراق و بەتایبەتی لە کوردستان،
هێزی میلیشیا و بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان وڵات بەڕێوەدەبەن، نەک یاسا و دادگاکان.
ئەوان دەتوانن بە ئاسانی دادگاکان دابخەن و بە ویستی خۆیان یاسا دەربکەن.
نموونەی هەرە دیاری ئەمەش، ڕووداوەکەی ١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ بوو، کاتێک ڕێگری لە یوسف محەمەد سادق، سەرۆکی ئەوکاتی پەرلەمانی کوردستان، کرا کە بچێتە ناو تەلاری پەرلەمان لە هەولێر.
گەندەڵی و چەوساندنەوەی سیستماتیک ئەم حیزبانە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە تەسکەکانی خۆیان، ئامادەن هەموو کارێک بکەن.
زیاتر لە سێ دەیەیە دەسەڵاتیان قۆرخ کردووە، سامانی وڵاتیان تاڵان کردووە و بەردەوامن لەسەری، هاووڵاتیانیش بە هەموو شێوەیەک دەچەوسێننەوە.
سادەترین خزمەتگوزارییەکان، وەک ئاو و کارەبا، بە شێوەیەکی شایستە دابین ناکرێن.
دزی و گەندەڵی لە هەموو کایەکانی ژیاندا ڕەگی داکوتاوە.
هەر کەسێکیش ڕەخنەیان لێ بگرێت یان دژایەتیان بکات، بە زەبری هێز بێدەنگ دەکرێت، و ئەگەر ئەو کەسە کاریگەریی لەسەر کۆمەڵگە هەبێت، ئەوا چارەنووسێکی نادیار چاوەڕێی دەکات.
بەراوردێکی خێرا
عێراق وە بەتایبەتی کوردستان ، هیچ شتێکیان لە وڵاتانی وەک ئیمارات، کوێت و ئوردن کەمتر نییە.
ئەو وڵاتانەی کە دەوڵەمەندن بە سامانی سروشتی وەک نەوت و گاز ئەو سامانەیان بۆ خزمەتی وڵات و هاووڵاتیانیان بەکارهێناوە.
ئەگەر سامانی سروشتیی ئێمە لەوانیش زیاتر نەبێت، ئەوا کەمتر نییە. بگرە جگە لە سامانی ژێرزەوی خاوەنی خاکێکی بە پیت بۆ کشتوکاڵ و ئاژەڵداری وە لەگەڵ بوونی ناوچەی گەشتیاریی دڵڕفێن. بەڵام بەداخەوە، کۆمەڵێک دز و گەندەڵکار دەستیان بەسەردا گرتووە و ڕێگرن لەوەی وڵات پێش بکەوێت ، هاووڵاتیانی لە هەژاری و نەبوونییەکی سەختدا دەژین نەک هاوکاری هاووڵاتیان ناکرێت مافەکانی خۆشیان پێنادرێت لەوانە مامۆستایان و فەرمانبەران لە کاتی خۆیدا مووچەکانیان وەرناگرن؛ زۆرجار دوای سێ مانگ موچەیەکیان پێدەدرێت موچەی چەندان مانگیان دزراوە نەدراوە یان نیوەی مووچەیان پێدراوە
ڕەنگە پرسیارێکی دروست بێت: ئەی چۆن خەڵک دەنگ بەم حیزبانە دەداتەوە؟
لە ڕاستیدا، زۆرینەی خەڵک دەنگیان پێ نادات. کەواتە چۆن دووبارە دەردەچنەوە و دەنگەکانیان زیاد دەکات؟ وەڵامەکەی ڕوون و ئاشکرایە: بە ساختەکاری.
ئەوان تەنیا ژمارەیەکی کەم لە “کۆیلە” و لایەنگریان هەیە کە بە پارە و ئیمتیازات کڕیویانن.
ئەم کۆمەڵی خەڵکە هەموو کارێک بۆ مانەوەی ئەم دەسەڵاتە ستەمکارە دەکەن، لەوانەش ( فڕاندن و کوشتن و سیخوڕی ئەشکەنجەدانی هاووڵاتیان و هتد… بەرانبەر بە چالاکوانان و خۆپیشاندەران و دەنکە ناڕازیەکان دایمە ئامادەن بەڵام بۆ دووژمنی گەل لەرزۆکن )، وە لە کاتی جیاکردنەوەی دەنگەکاندا، هەر ئەو چەکدارانەی سەر بە حیزبەکانن، یارمەتیدەریان دەبن بۆ ئەنجامدانی گەورەترین ساختەکاری.
هەر بۆیە، بەشێکی زۆری هاووڵاتیان بێئومێد بوون لە پرۆسەی دەنگدان، چونکە دڵنیان کە ساختەکارییەکی گەورەی تێدا دەکرێت. لە ئەنجامدا، بەشێکیان هەر ناچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان. بەشێکی دیکەشیان، لە ترسی لەدەستدانی کار و وەزیفەکەیان، دەچن بەڵام دەنگەکە دەسوتێن وە هەندێکی تریان لەوانە پێشمەرگە و هێزە چەکدارەکان ناچار دەکرێن لە کاتی دەنگداندا وێنەی دەنگەکەیان بگرن بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کە دەنگیان بە حیزبەکەیان داوە، ئەگەرنا لە کارەکانیان دوور دەخرێنەوە.
ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە لە وڵاتی من، پێشمەرگە و هێزە چەکدارەکان سەر بە نیشتمان نین، بەڵکو بوونەتە سەربازی دوو حیزب و دوو بنەماڵە.
پێشبینیی ئەنجامەکان بۆیە زۆر ڕوونە کە ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنەش چی دەبێت.
وەک هەموو جارەکانی تر، پارتی و یەکێتی لە دەسەڵاتدا دەمێننەوە.
بۆ جوانکردنی وێنەکەش، چەند لایەنێکی بەناو ئۆپۆزیسیۆن لەگەڵ خۆیان بەشداری پێ دەکەن لە حکومەتدا و کەمێک لەو دزی و تاڵانییەی دەیکەن، بەشیان دەدەن، تاوەکو دەنگیان کپ بکەن و بە جیهانی دەرەوەش بڵێن کە گوایە ئەوان باوەڕیان بە دیموکراسی و فرەلایەنی هەیە.
بەڵام ئەمە تەنیا سیناریۆیەکی کۆن و دووبارەیە بۆ مانەوەیان لە دەسەڵات.
خۆشیان دانیان بەو ڕاستییەدا ناوە کە بە دەنگدان و هەڵبژاردن نەهاتوونەتە سەر حوکم، تا بەدەنگدان و هەڵبژاردن بڕۆن.
بەڵکو بە هێزی چەکداری هاتوون و هەر بە چەکیش دەڕۆن.
دوا هیوا هیوادارم ڕۆژێک بێت ڕاپەڕینێکی سەرتاسەری لە کوردستان و عێراق بەرپا ببێت و ئەم خاکە لەم سەرکردە فاشیست و حیزبە گەندەڵانە پاک بکرێتەوە.
هیوادارم کۆتایی بە حوکمی خێڵەکی و میلیشیاگەری بهێندرێت و سەربازەکانمان ببنە سەربازی نیشتمان، نەک حیزب.
هیوادارم ڕۆژێک بێت هاووڵاتیان بە ئازادی بژین و مافی گەل بۆ گەل بگەڕێتەوە.
















Leave a Reply