ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمەریکا سێنتکۆم ئاشکرای کرد 50 وڵات و رێکخراوی نێودەوڵەتی لە ناوەندی هاوئاهەنگی و مەدەنیی غەزەدا بەشدارن کە ئەمەریکا لە باشووری ئیسرائیل بە مەبەستی چاودێریی ئاگربەستی غەزە دایمەزراندووە.
سێنتکۆم لە بەیاننامەیەکدا رای گەیاندووە دوای یەک مانگ خەریکە ئەو ناوەندە بە تەواوی رێک دەخسترێت کە پێشتر بڕیاری لەبارەوە درابوو.
بەگوتەی سێنتکۆم ئەوەی روودەدات دەرفەتێکی مێژووییە بۆ بەدیهێنان و چەسپاندنی ئاشتییەکی پتەو و درێژخایەن لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
لە بەیاننامەکەدا باس لەوە کراوە کە لە ماوەی پێنج هەفتەی رابردوودا ناوەندەکەیان ئاسانکاری بۆ هێنانەژوورەوەی 24 هەزار بارهەڵگر و کاروانی مرۆیی و کاڵا و شتومەکی بازرگانی بۆ غەزە کردووە. جگە لەمە توانیویانە هەزار و 500 کەسی سڤیل لە غەزە بە مەبەستی چارەسەری و چاودێری پزیشکی بۆ دەرەوە بگوازنەوە.
جێی باسە ئەو ناوەندە لە 17ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ و چەند رۆژ دوای واژووکرانی پڕۆژەی ئاشتیی غەزە دامەزرا و بارەگا سەرەکییەکەی کەوتووەتە شاری کریات گت لە باشووری ئیسرائیل.
















Leave a Reply