گرووپەكانی سەربە ئەحمەد شەرع، كوردێكی عەفرین دەڕفێنن و بە دڕندانەترین شێوە ئەشكەنجەی دەدەن و دواتر ئازادی دەكەن، بەڵام بەهۆی زۆری برینەكانی جەستەیەوە گیانی لە دەست دا.
روانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ رای گەیاند، ئەو هاووڵاتییە كە باوكی سێ منداڵە و تەمەنی 42 ساڵە، لە یەكی كانوونی یەكەمی ساڵی 2024 لەلایەن گرووپێكی سەربە توركیا رفێنرا و پاش تێپەڕبوونی 42 رۆژ، لە دۆخێكی دەروونی و تەندروستیی ناجێگیردا ئازاد كرا.
وەك كەسوكاری ئاماژەیان پێ داوە، دوای ئازادكردنی دەچێتە حەلەب. بەگوتەی كەسوكارەكەی، پەنجەكانی پێیان بڕیوە و جەستەی سووتێنراوە، تا كۆتایی ژیانی بەدەست ئازارەوە ناڵاندوویەتی.
هەواڵی رێكخراوەكە ئاماژەی بەوەش داوە، بەشێك لە ددانەكانی لە كاتی ئەشكەنجەدا دەرهێنراون و لێوەكانیشی بڕابوون و شوێنەواری چەندان جگەرە بە جەستەیەوە بووە.
بەگوتەی روانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ، ئەو هاووڵاتییە كوردەی خەڵكی عەفرین، لەگەڵ خێزانەكەی لە عەفرینەوە بۆ شەهبا ئاوارە بووە و خەریكی كاسبی بووە بۆ پەیداكردنی بژێوی خێزانەكەی و سێ منداڵەكەی، بەڵام یەكی كانوونی یەكەمی ساڵی رابردوو لە درەنگانێكی شەو، لە ماڵەكەی رفێنراوە و سەرەتا بۆ ماوەی پێنج رۆژ لە گرتووخانەی ئەعزاز بووە.
دوای ئەوەی لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا ئەو هاووڵاتییە بەهۆی كاریگەرییەكانی ئەشكەنجەدانیەوە هەست و هۆشی نەما، دواجار هەفتەی پێشوو گیانی لە دەست دا.















Leave a Reply